نوێترین

recent

21/07/2023

پێشنیارێکی ھەڵە، لەکاتێکی ھەڵە بۆ ئەنجامدانی ھەلبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

 


پێشنیارێکی ھەڵە، لەکاتێکی ھەڵە بۆ ئەنجامدانی ھەلبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
سەرباز تاڵەبانی/ ماستەر لە ھەڵبژاردن
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عیراق، بە نوسراوێکی فەرمی جوابی داواکاری سەرۆکی ھەرێمی کاربەڕێکەری کوردستانی دایەوە و پێشنیاری کردووە کە کۆمسیۆن دەتوانێت لە بەرواری ١٨/٢/٢٠٢٤ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە ببات، بۆ ئەو مەبەستە لەنوسراوەکەدا داوایان لە سەرۆکی ھەرێمی کاربەڕێکەر کردووە کە تاوەکو ١/٨/٢٠٢٣ مەرسومی ھەرێمی دەربکات بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە شوباتی ساڵی ئایندە.
ھەروەک ئەزانرێت لە ١٨/١٢/٢٠٢٣ کۆمسیۆن سەرپەرشتی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراقی پێ سپێردراوە.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە چۆن بە (٢) دوو مانگ کۆمسیۆن دەتوانێت سەرپەرشتی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکات؟
لە ھەموو دونیادا کۆمسیۆن لانی کەم پێویستی بە (٦) شەش مانگ ھەیە بۆ ئەوەی ئامادەکاری بکات بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن!
ئەمە لەلایەک لەلایەکی ترەوە کۆمسیۆنی عیراق لە مانگی ١ ی ٢٠٢٤ وادەکەی کۆتایی دێت، ئایا دەتوانرێت بەو خێراییە پەرلەمانی عیراق وادەیان بۆ درێژبکاتەوە، ئەم کردارە لە کەشو ھەوای پەرلەمانی عیراق بەو خێراییە و بەبێ کێشە ئەنجام دەدرێت؟؟لەکاتێکدا پەرلەمانی عیراق نەیتوانی وادەیان بۆ درێژبکاتەوە چی بەسەر چارەنوسی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندادێت؟
ئەمە جگە لەوەی ئایا لەدەستوردا رێگە پێدراوە کۆمسیۆنی عیراق داوای دەرکردنی مەرسوم لە دامەزراوەیەکی ھەڵوەشاوەی وەک سەرۆکایەتی ھەرێم بکات،کە دادگای باڵای فیدراڵی دەسەڵاتی لێ سەندۆتەوە؟
ئەگەر ھەموو ئەمانەی سەرەوەش وەڵامیان ھەبێت، ئەی چی سەبارەت بە وەرزی زستان کە کۆمسیۆن پێشنیاریکردووە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن، ھەمووان ئەزانن مانگی شوبات مانگی بەفر و سەرماو سۆڵەیە کە زۆربەی ساڵەکان لەم مانگەدا ھاتوچۆی نێوان پارێزگاکان ئەوەستێنرێت لەبەر بەستنی جادە و بەفر و سەرما، ئەمەش گەورەترین ئاستەنگە لەبەردەم دەنگدەران کە نەتوانن دەنگ بدەن، کە یەکێک لە خاڵە ھەرە سەرەکیەکانی سەرکەوتنی پرۆسەی ھەڵبژاردن، بەشداریکردنی زۆرترین دەنگدەرە لە دەنگداندا.
جگە لەو خاڵانەی سەرەوە چەندین پرسیاری تر دێتە پێشەوە بۆنمونە:
* ئایا کۆمسیۆنی عێراق سەرپەرشتی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات یانیش چاودێری دەکات؟
* ڕۆڵی کۆمسیۆنی ھەرێم لەم پرۆسەیە لەکوێی مەسەلەکان دەبێت؟
* بە چ سیستمێک ھەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، بە سیستمی ٢٠١٨ی پەرلەمانی کوردستان، یانیش بە سیستمی ٢٠٢١ ی پەرلەمانی عیراق؟
* کورسی پێکھاتەکان چۆن و بە چ میکانیزمێک ڕێکدەخرێن؟
* سەبارەت بە جیاکردنەوەی دەنگەکان شێوازی جیاکردنەوەی ئەلیکترۆنی یان شێوازی جیاکردنەوەی دەستی بەکاردەھێنرێت؟
* کێ بودجەی پێویست بۆ ئەم ھەڵبژاردنە دابیندەکات ھەرێم یان عیراق.
دواجار کاربەدەستان لە سەرۆکایەتی ھەرێم، پێویستە بیروڕای ھەموو حزبە کوردیەکان وەربگرن و دیراسەیەکی وردی بابەتەکان بکرێت بەتایبەت لەسەر مانگی شوبات، ئینجا جوابی نوسراوەکەی کۆمسیۆن بدرێتەوە، کە بەڕای شارەزایانی بواری ھەڵبژاردن باشترین کات بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی بێ کەم و کوڕی مانگی ٤ ی ساڵی ئایندەیە.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085