
حاکم شێخ لەتیف: وەك دادوەرێك دەیڵێم، بڕیارەكەی دادگای هەولێر دروستە و لاهور جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتییە
وەك دادوەرێك ئەم قسەیە دەكەم، پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیم بە وردی خوێندۆتەوە، هەروەها قانونی ئەحزاب و عورفی سیاسیش لە كوردستان بە گشتی دەزانم و لە ناو یەكێتیش خۆم كارم كردووە و چەندان ساڵیش حاكمی مەحكەمەی ئاسایش بووم لە سلێمانی، بۆیە بە باشی ئاگاداری كاركردنی حزبیم لە كوردستان. لەبەر ئەوە دەیڵێم:
ئەو بڕیارەی دادگای هەولێر دەریكردوە لەسەر ئەوەی لاهور جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیە، بە تەواوی دروستە، لەبەر ئەو هۆكارانە:
- لاهور جەنگی بە كۆنگرە بۆتە ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لەگەڵ ١٢١ كەسی دیكە.
- ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە دۆخێكی ئاساییدا بە دەنگی زۆرینەی ئەندامەكانی لاهور جەنگی و بافڵ تاڵەبانی كردۆتە هاوسەرۆكانی یەكێتی.
- نە پەیڕەوی ناوخۆ و نە هیچ یاسا و ڕێسایەك ئەو دەسەڵاتەی بە هاوسەرۆكی حزبێك نەداوە، هاوسەرۆكەكەی دیكە لە حزب دور بخاتەوە، سەركردایەتی یەكێتیش ناتوانێت كەسێك كە بە كۆنگرە بۆتە ئەندامی سەركردایەتی و دواتر هاوسەرۆك، لەبەر خاتری هاوسەرۆكەكەی دیكە لابدات.
- بافڵ تاڵەبانی بە دەركردنی لاهور جەنگی پێشێلی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی كردوە و بگرە ئینقلابیشی بەسەردا كردوە، بۆیە دەبێ سوپاسی خوا بكات كە دادگا بڕیاری دوورخستنەوەی لە كاری سیاسی نەداوە چونكە ئەم جۆرە هەڵسوكەوتە بۆ كەسێكی سیاسی مەترسیدارە و دور نییە لە داهاتوو مەترسی گەورەتر لەم جۆرە هەڵسوكەوتە ڕوبدات.
لێرەوە وەك دادوەرێك و لەبەر ئەو هۆكارانە دەیڵێم، بڕیارەكەی دادگای هەولێر بە تەواوی دروست و لە جێی خۆیەتی و بەداخەوە جارێكی دیكەش دادگای سلێمانی لەبەر دەستێوەردانی حزبی، بە دڵی بافڵ تاڵەبانی بڕیاری نادروستی داوە!