
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەدا لە گەڕەكێكی شاری هەولێر شەڕ لەنێوان زاواو خەزوورێك دروستبووەو چەكیش بەكارهاتووە.
پۆلیسی هەولێر لە ڕوونكردنەوەكەدا دەڵێت: ئێوارەی دوێنێ لە گەڕەكی بەهاری نوێی شاری هەولێر بەهۆی كێشەیەكی خێزانییەوە دەمەقاڵێ لەنێوان زاواو خەزوورێك دروست دەبێت و تێیدا چەك بەكاردێت.
دەشڵێت: لە ئەنجامی شەڕەكەی نێوان زاواو خەزوورەكە، كەسێك بە گولـلە زامدار بووە.
ئاماژەی بەوەشدراوە هێزەكانمان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بەشی پۆلیسی فریاكەوتن دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی مەبەست و هەردوو لایەنی شەڕكەریان دەستگیر كرد كە پێكهاتبوون لە پێنج كەس.
جەختیشی كردەوە كە دەستگیركراوەكان ڕەوانەی بنكەی پۆلیسی شادی كراون بۆ ئەوەی پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ بكرێتەوەو ڕێڕەوی یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر.