نوێترین

recent

16/08/2019

پارتى دواى ٧٣ ساڵ، هەوراز یان نشێو؟


وڵات_ چلانە قادر

دواى ٧٣ ساڵ لە دامەزراندنى پارتى دیموکراتى کوردستان، پارتى وەکو هێزێکى ڕەیسستى کوردى لە کورستانى باشور خاوەنى پێگە و دەسەڵاتى (ئەمنى و ئابورى) بەهێزە، بەڵام پرسیارێکى گرنگ هەیە کە بۆ پارتى و ڕکابەرەکانى نادیارە، ئایا پارتى دەتوانێت بەردەوامى بەهێز و دەسەڵاتى خۆى بدات یان لەژێر بارى ئەم مەلەفە قورسانەدا توشى پسان دەبێت؟


پارتى چۆن دامەزرا و چۆن بەردەوام بوو؟

پارتى کاتێک حیزبى هیوا لە کۆتایى چلەکاندا کۆتایى هات و کۆمارى مهاباد ڕووخا، لە مهاباد مەلا موستەفا و چەند کەسایەتیەکى کورد پەیڕەوى ناوخۆیى پارتیان داڕشت، دواتر هەمزە عەبدوڵا کە یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانى پارتى ساڵى ١٩٤٦ گەڕایەوە کوردستان بۆ گفتوگۆکردن و دروستکردنى ڕێکخستنى پارتى.
پارتى دیموکرات، لە ١٦ ئابى ١٩٤٦ لە بەغداد گۆنگرەى یەکەمى خۆى بەست و وەکو حیزبێکى کوردى دامەزرا.

لەسەرەتاى دامەزراندنى پارتى، هێشتا پارتى وەکو حیزب و ڕێکخستنى زۆر سەرەتابوو، مەلا موستەفا و بەشێک لە پێشمەرگەکانى کوردستانیان بەرەو سۆڤیەت بەجێهێشت و لەوێ لە یەکێتى سۆڤیەت وەکو ژەنراڵێک مافى پەنابەرى سیاسیان بە مەلا موستەفا و هاوڕێکانی درا.

"بۆ ماوەى ١٠ ساڵ مەلا موستەفا لەدەرەوەى وڵات بوو، بەڵام بەغیابى هەر بە سکرتێر هەڵدەبژێردرا"

لەو کاتەدا پارتى لەناوخۆدا وەکو حیزبێکى تازە، لەلایەن گەنجانى خوێنەوار و چینى ئەدیب و مامۆستایانەوە پێشوازى لێکرا، چونکە لەو دۆخە نا ئومێدیەدا پارتى ببووە ئومێد بۆ دۆزى کورد.
پارتى لەم دۆخەدا چەندین کۆنگرەى بەست لە غیابى مەلا موستەفادا لەهەموو کۆنگرەکانیش مەلا موستەفا بەهۆى ناوبانگ پێگەیەوە لەلایەن کەنجەکانەوە بەکاردەهێنرا بۆ بەهێزکردنى پارتى تاوەکو ساڵى ١٩٥٨ سەرکەوتنى شۆڕشى تەمموز گەڕانەوەى مەلا موستەفا.




کۆنگرەى چوراەم سەرەتاى ناکۆکییەکان


پارتى دیموکراتى کوردستان هێزێکى چەپ بوو و لەگەڵ ئەوەش بڕواى بەخەباتى نەتەوەیى هەبوو بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانى لە چوارچێوەى عێراقدا، بۆیە دواى گەڕانەوەى بارزانى لە سۆڤیەت و ڕێگەپێدانى وەکو حیزبێکى سیاسى لە سەردەمى عەبدولکەریم قاسمدا لەخۆگرتنى شوعیەکان حیزبەکە گەشەى کرد، بەڵام ئەم گەشەیە زۆرى نەخایاند ناکۆکى لەنێوان مەلا و موستەفا باڵى مەکتەبى سیاسى بە سەرۆکایەتى ئیبراهیم ئەحمەد دروستبوو.
بەگوێرەى گێڕانەوە مێژوویەکان چ پیش کۆنگرەى چوارەم چ دواى ئەوەش ناکۆکیەکان زۆرینەى لەسەر ئیدارەدانى حیزب بوون کە لەلایەن "مەلا موستەفا"وە بەشێوەیەکى ڕێک و پێک نەبوو.

بۆیە کۆتایى ١٩٥٩ کاتێک ناکۆکیەکان گەیشتنە چڵەپۆپە، مەلا موستەفا باڵە سەربازییەکەى لەبەغداد کۆنگرەی چوارەمى بەست و بەتەواوەتى مەکتەبى سیاسى تەجمیدکرد و ئیبراهیم ئەحمەدى دورخستەوە.

ئەم دۆخە سەرەتایەکى مەترسیداربوو بۆ پارتى، چونکە لەلایەک پارتى بۆ بنەماڵەى بارزانى یەکلایکردەوە بەتەواوەتى لە فکر و ڕوئیاى سیاسى داڕنى، لەلایەکى تر جیابونەویەکى گەورەى دروستکرد لە ساڵى ١٩٦٤ و پارتى کرد بە دووبەشەوە، ئەمەش زنجیرەیەک شەڕ و پێکدادانى ناوخۆیى کورد و کوردى دروستکرد کە تا ئێستاش ئەم ناکۆکیە درێژەى هەیە.


پارتى پاش ٧٣ ساڵ

پارتى ئێستا دوو دەسەڵاتى گرنگ و بەشێکى زۆرى ئەو وەزارەتانەى چ لەڕووى ڕێکخستن و پەیکەرەوە چ لەڕووى مەلەف و وەزیرەوە لەدەستدایە کە (پەیوەستن بە ئاسایش و دارایى و دیبلۆماسى)ە وە ڕووحى دەوڵەتدارین لە کوردستان، واتە پارتى ئێستا لەناو حیزبە کوردییەکاندا بەهێزترینە ئەگەر بە حوکمى دەنگیش بێت.
بەڵام پارتى لە ئاستى هەرچوار پارچەکە و لەئاستى باشور کە بنکەى جەماوەرى خۆى لێرە هێشتا ڕزگار نەبووە لەو گرێ پرسیار ئامێزەى کە ئایا دەتوانێت بۆ ئایندەش ئاوا بمێنێتەوە؟

ئەمڕۆ ڕکابەرییەکە بۆ پارتى زۆر قورس بووە، چونکە لەئاستى کوردستان کۆمەڵێک مەلەفى لەسەرە لەوانەش (مەلەفى ئاسایش، مەلەفى نەوت و دارایى، مەلەفى هەواڵگرى و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان)  ئەم مەلەفانە لەماوەى ١٥ ساڵى ڕابردوودا واتە لە دواى یەکگرتنەوەى حکومەت و گرتنە دەستى دەسەڵات لەلایەن پارتیەوە لە هەولێر پارتى نزیک لە کۆنترۆڵکردن بەکاریهێناون بۆ خۆ بەهێزکردن، هەرئەوەش وایکردووە پارتى ئەم کەرتانە بە ڕازونیازێکى زۆرەوە بەکاربهێنێت بۆ خۆى ئەمەش وایکردووە پارتى بکەوێتە دۆخێکى هەستیارەوە تێکەڵاوى ئەو ئاگرانە بێت کە لەناوچەکەدا هەن، ئەم ئاگرانە لە هەر ئەگرێکدا بێت ڕەنگە لە کاتى هەڵگەڕانەوەى مێزەکەدا بەر جەستەى پارتى بکەون و بیسوتێنن.



بنکەى جەماوەرى پارتى، ململانێ ناوخۆییەکان

پارتى دووشت ڕایگرتووە "پارە و هێز"، ئەمڕۆ لەدوا ساڵى ٢٠١٤ وە پارتى هەردوو هێزەکەى لاواز بووە، چونکە لەلایەک قەیرانى دارایى کە بەرۆکى کوردستانى گرت پارتى توشى ئیحراجى کرد لەبەردەم جەماوەرەکەى کە دواجار ئاڵوگۆڕى دەسەڵاتى لێهات لەناو بنەماڵەى بارزانى، لەلایەکى تریش هاتنى داعش و ڕیفراندۆم دەریخست پارتى ئەو هێزەى نیە بتوانێت پارێزگارى لەکیانى خۆى بکات، چونکە لەشەڕى یەکەمى داعش دەریخست دژە تیرۆرى یەکێتى و سوپاى پاسداران هەولێریان پاراست، لە شەڕى حەشدى شەعبیشدا دەرکەوت ئەمریکا ڕێگربوو لەوەى هەولێر بکەوێت نەک داستانى سحێلا کە بە چەکى ئەڵمانى شەڕى حەشد شەعبى کرا.

" ڕکابەرى بۆ پارتى زۆر سەختە، لەئاستى باشور و هەموو کوردستان"

لەهەمووى سەختر بۆ پارتى ئەوەیە، هۆزەکانى ناوچەکە کە نزیکەى نیو سەدەیە بێدەنگن بەرامبەر پارتى ئێستا بەدەنگێکى دلێر بەرامبەر پارتى وەستاون داواى مافە مێژووییەکانیان لە بنەماڵەى بارزانى دەکەن، وەکو بنەماڵەى هەرکى و برادۆستیەکان کە ئێستا بەڕوونى دەنگیان دژى پارتى هەڵبڕیووە.
سەربارى هەموو ئەوانەش، لەئاستى ناوخۆیدا پارتى توشى لەبەریەک هەڵوەشان هاتووە، ناکۆکییە بنەماڵەییەکان بەجۆرێک زەقبونەتەوە تەنانەت بۆ پارتیش ناشاردرێنەوە، جاران ئەگەر ئەوە وەکو خەیاڵێک وێنا دەکرا ئێستا هەموو کوردێک بەڕوونى ناکۆکیەکان دەبینێت.



یەکێتى و پەکەکە بەربەستە گەورەکە

لەناوخۆى کوردستان یەکێتى هیچ کات وەکو ئیستا تەسفیەى ناوخۆى خۆى نەکردووە تەبایى ڕوى تێنەکردووە، بۆیە ئێستا یەکێتى باشتر لەجاران ئیدارەى "بارى دارایى زۆنى سەوز و بارى ئەمنى" دەکات.
لەلایەکى ترەوە لە ملامنێکاندا، یەکێتى هیچ کات وەکو ساڵى ٢٠١٩ لە ئۆپرسیۆندا براوە نەبووە بەرامبەر پارتى، کاتێک لەبەغداد لەپرسى سەرۆکایەتى کۆمار، لە پێکهێنانى حکومەت، بابەتى پارێزگارى کەرکوک، یەکێتى توانى بەبێ مەرجى بەرامبەر مەرجەکانى خۆى بەسەر پارتى بسەپێنێت.
بۆیە ئێستا یەکێتى لەئاستى (هەواڵگرى و سیاسى و دارایدا) هەوڵى هاوسەنگکردنەوەى ئەو هاوکێشەیە دەدات ماوەى ١٠ ساڵە بەلاسەنگى بەسودى پارتى دەڕوات.
هاوکات پەکەکە لەئاستى هەرچوار پارچە نەک پارتى ڕکابەرى ناکات، بەڵکو پارتى بەفەرقێکى گەورە لەپێش پارتیەوەیە، وەکو بەربەستێکى گەورە بەرامبەر پارتى وەستاوە و ناهێڵێت بڕواتە پێشەوە.
لەهەردوو بارەکەدا پارتى لەبەردەم دوو بەربەستى ئاسنى گەورەدایە، بۆیە ئێستا گەشەى پارتى نەک وەستاوە بەڵکو ڕوو لە پاشەکشەیە.

ئایندەى پارتى چى دەبێت!

فاڵگرتنەوە بۆ ئایندەى پارتى زۆر قورسە چونکە بەستراوە بەو ئاڵوگۆڕ و ململانێیانەى لەناوچەکە و جیهان ڕوودەن، بەڵام ئەوەى لە پرسەکەدا دڵنیاکەرەوەیە ئەوەیە پارتى لەگەشە وەستاوە و بەرەو بێهێزى دەڕوات و بەپێچەوانەوە ڕکابەرەکانى بەهێز دەبن، لەم دۆخەدا پارتى چى دەکات چۆن ڕووبەڕوى ئایندەى خۆى دەبێتەوە ئەوە ئاڵگۆڕ بەسەر ئایندەى پارتى دەهێنێت هاوکێشەکە پێچەوانە دەکاتەوە.






Picsart-24-02-23-21-31-09-085