وەزیری کشتوکاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی ھەرێمی کورستان رایگه‌یاند قه‌ده‌غه‌کردنی هاورده‌کردنی ته‌ماته کاریگه‌ری ئه‌رێنی هه‌بووه.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، لەمیانەی کۆبونەوەیەکیدا لەگەڵ شاندێکی ئیدارەی راپەڕین، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند: بریاری قەدەغەی ھاوردەکردنی بەرھەمی تەماتە بۆ ناو ھەرێمی کوردستان کاریگەری ئەرێنی ھەبووە لەسەر کەمکردنەوەی زەرەرمەندبوونی جووتیاران و ساغکردنەوەی بەرھەمەکانیان.
وتوشیه‌تی: بۆ وەرزی پێگەیشتنی ھەناری ناوخۆیش ھەمان بڕیار دەدەین، بۆ ئەوەی جووتیاران قازانجی پێویستیان دەست بکەوێت لە بەرھەمی باخەکانی ھەناردا.
بێگه‌رد تاڵه‌بانی ئاماژەی بەوەشکرد، درێغی ناکەن لە گرنگیدان بەناوچەی راپەڕین و پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ، بەو پێیەی دەشتی بیتوێن یەکێک لە ھەرە بەناوبانگترین دەشتە کشتوکاڵییەکانی کوردستان و ناوچەکەیە و بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئیدارەی سنوورەکە کاری پێویست ئەنجام دەدەن بۆ رێکخستنەوەی زیاتری فەرمانگە کشتوکاڵییەکانی راپەرین بە مەبەستی ھەرچی زیاتر پێشخستنی کشتوکاڵ و باشتر راییکردنی کاروبارەکان و خزمەتکردنی جووتیاران و کشتیارانی سنوورەکە.


