نوێترین

recent

28/06/2019

هەورامان؛ نان و خوێن یەکسانە




وڵات _ تایبەت

کۆتایى مانگى ڕابردوو کۆڵبەرێکى گوندى ژیوارى هەورامان لە سەر سنورى نێوان تەوێڵە و کێمنە لەلایەن پاسدارێکى ئێرانیەوە دەستگیر دەکرێت، پاسدارەکە فەرمانى پێدەکات کۆڵەکەى دابنێت بەڵام ئەو بەگوێى ناکات، بۆیە پاسدارەکە خوێنساردانە فیشەکێک بە دڵیەوە دەنێت و دەستبەجێ گیان لەدەستدات.

ئەم چیرۆکە لەناوچەى هەورامانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان و لەسنورى تەوێڵە وەکو چیرۆکێکى پڕ ئازار و کاریگەر باس دەکرێت، چونکە لەمێژوى ئەو ناوچەیەدا کەم ڕووداوى لەو جۆرە ڕویداوە.

مەرزى شۆشمێ


تەوێڵە بەدورى زیاتر لە ١٠٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە سنورى ڕۆژهەڵاتى کوردستان لە ڕۆژهەڵاتەوە، لەو سنورەو بەسەدان کەسبکار لە دیوى ڕۆژهەڵات و لەدیوى تەوێڵە کاردەکەن، بەشێک لەوانە لە بازاڕچەکە کاردەکەن.

ئازیز دانیشتوى شارۆچکەى تەویڵەیە ڕۆژانە زانیارى لەزارى ئەو کاسبکارانەوە دەبیستێت کە لەلایەن سوپاى پاسدارانەوە توشى گرفت دێن، ئازیز دەڵێت: "کوشتى ئەو کۆڵبەرە ژیوارییە دڵى هەموومانى خستە ئازار و لەرزین، چۆنکە پاسدارە نەفرەتیەکە ئەوەندە نزیک فیشکى پێوەنابوو، کڕى باروتى چەکەکەى بەجل و بەرگى کۆڵبەرەکەوە دەردەکەوت".

ئازیز چیرۆکى زۆرترى لەلایە بەڵام پێى وایە هیچ کامى بەکوشتنى ئەو پاسدارە ئازارى ئەوەى نەداوە، ئەو ووتى: "سوپاى پاسداران بەدرێژایى چەندین کیلۆمەتر سنورى لەگەڵ گوندەکانى سنورى (زاوەر  و شۆشمێ) و  سەربە شارى پاو هەیە، بەدرێژایى ئەو سنورە سوپاى پاسداران ئامادەیى هەیە زۆر بە ناڕەحەت ڕێگاى هاتووچۆ دەدەن".

پاسدارە نەفرەتیەکە هێندە نزیک فیشەکەى بە کۆڵبەرەکەوە نابوو، باروتەکەى کراسەکەى ڕەشکردبوو

لەگەڵ قسەکەى ئازیزدا، ئەو دەستى بۆ چەند کەسێک ڕاکێشا کە زۆرینەیان ژن بوو، ئەوان ڕۆژانە چەند کیلۆیەک لە سەوزە و بەرهەمى سپایى و کارى دەستى دەهێنن بۆ تەوێڵە".

یەکێک لەو ژنانە لەگەڵ پەیامنێرى وڵات قسەى کرد، ئەو ڕەتیکردەوە ناوى بهێنرێت بەڵام چەند زانیارییەکى دا لەبارەى کارى خۆیانەوە، ووتى: "ئێمە لە سنورى شۆشمێ وە دێن و ڕۆژانە سەوزە دەفرۆشین، چەند هەزارێک پەیدا دەکەین".

ئەو خاتوونە ئێرانیە، لەگەڵ تەڕکردنەوە و پاککردنەوەى سەوزەکەى نمونەى بەوە هێنایەوە ئەگەر ٥ هەزار پەپدابکەن، واتە ١٠٠ هەزار تمەنى ئێرانى دەکات ئەوەش بۆ ئەوان زۆر دەکات، هەرچەندە بەهاى دراوەکەیان زۆرشکاوە.

کۆڵبەریکى کوژراو

ئەردەڵان، باسى دۆخى ئەو کاسبکارانەى بۆ وڵات کرد کە سەردانى تەویڵە دەکەن، چیرۆکێکى پڕ ئازارى گێڕایەوە،  ئاماژەى بە چیرۆکێک کرد کە خۆى بینویەتى ئەو گێڕایەوە ووتى: "ڕۆژێک دوو لەو کاسبکارانە لەکانى نیوەڕۆدا بوو بەبەهاى ٢ هەزار دینار شتیان فرۆشتبوو مقۆ مقۆى ئەوەیان بوو ئەگەر دوو هەزار دینارەکە خەرج بکەن بیدەن بە دوو لەفە، ئەى چى ببەنەوە بۆ ماڵ و منداڵیان، یەکێکیان ووتى: کێشە نیە دەستکێک لە سەوزەکە دەشرۆینەوە، چەند نانێک دەکڕین تا دەگەینەوە ماڵەوە".

ئەو کاتێک باسى دەکرد، زۆر بەئازاربوو، چونکە ئەو چیرۆکە بیرى ڕۆژانى سەردەمى گرانى کوردستانى عێراقى بیرخستووەتەوە، ووتى: "وێناى ژیانى خۆمم لە قسەى ئەو دوو کاسبکارەدا کرد، زۆر خەمم خوارد بۆیان، بەڵام دواتر من وەکو کارێکى مرۆڤایەتى نانم بۆ کڕین تۆزێک ئاسودەبووم".

لەگەڵ سزاکانى ئەمریکا سەر ئێران، سوپاى پاسداران لەسنورى پاوە هێزەکانى زیاترکردووە لەپێناو ئەوەى دیاردەى بەقاچاخبردنى کاڵا کەمبێتەوە ئەوەش ژیانى خەڵکى ئێرانى قورسترکردووە.

کاسبکارێک: چەند کیلۆیەک زیاتر ناتوان شت بهێنن بۆ تەوێڵە

یەکێک لەو کاسبکارانە کە لە نزیک مزگەوتى مەلا نەزیر گەورە لە تەوێڵە گەشتیارانى ڕۆژى هەینى بەئامانج گرتبوو بۆ ئەوەى کەلوپەلەکانى لێبکرن کە سەرپۆش و جلى ژنانە بوو، نەیشاردەوە کەمێک ئاسانکارییان بۆ کردوون بەڵام نابێت کۆڵەکەیان لەچەند کیلۆیەک زیاتر بێت، ووتى: "تەنها بۆمان هەیە لەسنورى تەویڵە کاڵانمان ساغ بکەینەوە".

ئەو کاسبکارە ووتیشى: "بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بەکارى کۆڵبەرى نادرێت، ئەوەشى ئێمە شت دەهێنین وەکو کاسبکار مامەڵەمان لەگەڵ دەکەن، ئەگەرنا پاسدار فەرمانى کوشتیان پێیە".

هەرچەندە ئەو پاسدارەى کۆڵبەرەکەى کوشت ئێستا لەزیندانى پاوەیە، بەڵام ئەمە هیچى لەو ترس و نیگەرانیە نەڕواندوەتەوە لاى خەڵکى کە بڕوایان وایە نان و خوێن لەهەورامان یەکسانە.  




Picsart-24-02-23-21-31-09-085