نوێترین

recent

27/06/2019

یارییە تازەکە چیە.. سەفین دزەیى بۆچى لە لەندەن هاوڕێى بەرهەم ساڵح بوو؟



وڵات_ چلانە قادر

سەفین دزەیى وەکو نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەناو ئەو وەفدە باڵایەى سەرۆکایەتى کۆمارى عێراقدایە، کە بەرهەم ساڵح سەرۆکایەتى دەکات لە لەندەن، ئەوەش بەشدارى یەکەم نوێنەرى حکومەتە لە وەفدێکى وا گەورەدا دواى ئەوەى ڕێگاى هەولێر بۆ بەرهەم ساڵح واڵاکرا، بەڵام پرسیارى هەر گرنگ ئەوەیە ئایا نیازى بەرهەم ساڵح لەم جوڵانە چیە؟

پێگەى سەرۆکایەتى کۆمارى عێراق بڵاویکردەوە، د. بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆمار ئەمرۆ سێ شەممە ٢٥ى حوەزیرانى ٢٠١٩  گەشتەكەی بەرەو شانشینی یەكگرتووی  بەریتانیا دەست پێکرد، بەگوێرەى ئەو هەوڵانەى لەناو پێگەى سەرۆکایەتى کۆمارى بڵاوبووەتەوە، بەرهەم ساڵح چاوى بە تیرازیمەى سەرۆکوەزیرانى بەریتانیا و شاژن و سەرۆکی ئەنجومەنی گشتی بەریتانیا و گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کەوتووە.

 سەفین دزەیى دووەم کەس لە کۆتایى ریزى بەرهەم ساڵح


سەرۆکایەتى کۆمار، ئاماژەى بەئەندامانى شاندەکەى سەرۆک نەداوە، بەڵام بەگوێرەى چەند وێنەیەک بڵاوبووتەوە سەفین دزەیى وتەبێژى حکومەتى هەرێم لەزۆرینەى سەردانەکانى بەرهەم ساڵح بەتایبەت کۆبونەوەى لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی گشتی بەریتانیا بەشداربووە.

بوونى سەفین دزەیى کەسایەتى نزیک لەنێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان، کە تائێستاش بەفەرمى وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستانە، جێگاى پرسیارە بەتایبەت دواى ئەو کرانەوەیەى ڕویدا لەنێوان پارتى و بەرهەم ساڵح پاش شەش مانگ گەمارۆى دیبلۆماسى و هێرشى ڕاگەیاندن؟

بەرهەم ساڵح سەفین دزەیى وەکو نوێنەرى هەرێم بەتێرازیمەى ناساندووە

بەگوێرەى زانیارییەکانى وڵات _ سەفین دزەیى وەکو نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەشداربووە لە وەفدەکەى سەرۆکى کۆمارى عێراق، لەسەرجەم کۆبونەوە گرنگەکان بوونى هەبووە تەنانەت لەکۆبونەوەى بەرهەم ساڵح و تیرازیمەى سەرۆکوەزیرانى بەریتانیا، بەرهەم ساڵح سەفین دزەیى وەکو نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان ناساندووە و جەختى لەسەرکردووەتەوە، بۆیە لەوشەکانیدا تیرازیمەى باسى کوردستان و هێزەکانى پێشمەرگەى کردووە، وتویەتى: " حکوومەتی بەریتانیا پابەندە بە بەردەوامی پاڵپشتییە سەربازییەکان بۆ ھێزە چەکدارەکانی عێراق و پێشمەرگەی کوردستان".

بەڵام ئەم پرسە نە لەلایەن ڕاگەیاندنى پارتیەوە بایەخى پێدرا و نە ڕاگەیاندنى سێبەرى بەرهەم ساڵح ڕونکردنەوەى لەسەر پرسەکە دا.

سەفین دزەیى و بەرهەم ساڵح و چەند لۆردێک

بەگوێرەى زانیارییەکانى وڵات_ بەرهەم ساڵح و ڕاگەیاندنەکەى نەیانویستووە ئەم پرسە بوروژێنن یان وەکو دەستکەوت باسى بکەن، لەترسى نیگەرانى کاردانەوەى هێزە عێراقیەکان و ناو یەکێتى نیشتمانى، بەهۆى ئەوەى لەئێستادا بەشێک لە سەرکردەکانى یەکێتى و جەماوەرى ئەو حیزبە بەهۆى وتارەکەیەوە لەمەڕاسیمى سوێندخواردنى سەرۆکى هەرێم نیگەرانن لەو نزیکبونەوە ڕەهایە.

بەرهەم ساڵح چ یارییەک دەکات؟
بەگوێرەى زانیارییەکانى وڵات_ بەرهەم ساڵح دوو ئامانجى هەبووە لەبەشدارى سەفین دزەیى لەوەفدەکەى بۆ لەندەن، لەڕووکەشدا ئامانجى یەکەمى بۆ ئەوەیە پیشانى وڵاتانى بیانى و ناوخۆى بدات کە ئەو وەکو سەرۆککۆماردەتوانێت ئەو ڕۆڵە ناوەندییە بگێڕێت کە مام جەلال سکرتێرى گشتى یەکێتى و سەرۆکى پێشووى عێراق، لەناو عێراق و لەکوردستان هەیبوو وەکو سەنتەرى هەولێر و بەغداد ڕۆڵى دەگێڕا.

ئامانجى دووەمى بەرهەم ساڵح پەیوەستە بە کۆنگرەى داهاتووى یەکێتى نیشتمانى کوردستانەوە، لەکۆتایى ئەمساڵدا چاوى لەوەیە ببێتە سەرۆک یان هاوسەرۆکى ئەو دامەزراوە نوێیەى کە یەکێتى لەکۆنگرەى داهاتوو بۆ بەڕێوەبردنى یەکێتى دایدەنێت بۆ ئەوەش جگە لەوەى ناوخۆى یەکێتى پێویستە دڵنیاشە کاریگەرى و پشگیرى پارتى ڕەنگە کارەکەى بۆ ئاسان بکات، بۆیە بەهەموو شێوەیەک بایەخ بەهەولێر دەدات و ئامانجى ووتارەکەى هەولێریشى کە، ووتى: "کاک مەسعود بۆ ئێستا و داهاتوو کاریگەرى دەبێت" لەچوارچێوەى هەمان پەیامدابوو، هەر ئەوەش دڵى مەسعود بارزانى ئاشتکردەوە بەدواشیدا پارتى.

نێچیرڤان بارزانى و بەرهەم ساڵح


هەر بەگوێرەى زانیارییەکانى وڵات، هەر دواى پەیامەکەى بەرهەم ساڵح لەهەولێر خانوەکەشى وەرگرتووەتەوە، پارتى ئاسانکارى تەواوى بۆ دەکات بۆ ئەوەى بێگرفت لەهەولێر جوڵەى دیبلۆماسى بکات.

ئایا جوڵەکانى بەرهەم ساڵح گرنگن؟
بەگوێرەى زانیارییەکانى وڵات، لەئاستى ناوخۆى یەکێتى ئەو جوڵانەى بەرهەم لەگەڵ پارتى دوو ئاڕاستەى دروستکردووە، ئاڕاستەیەکیان پێیان وایە بۆ نزیکبونەوەى یەکێتى و پارتى گرنگن کاریگەرى باشیان دەبێت کە زۆرینەى  کەسە نزیکەکانى خۆین، بەڵام زۆرینەى یەکێتى بەگومان دوودڵیەوە لەو جوڵانە دەڕوانن نیشانەى پرسیاریان لەسەر داناون، بەڵام بەلاى پارتیەوە جوڵەکانى بەرهەم ساڵح گرنگن چونکە پارتى لەئێستادا پێویستى بە بەرهەم ساڵحە بۆ ئەوەى پەیوەندییەکى پتەو دروستبکات هاوکارى کابینەکەى مەسرور بارزانى بێت، لەو پرسانەى گرنگ بەرهەم ساڵح ئاسانکارى بۆ بکات.

جوڵەکانى بەرهەم ساڵح جێگەى گومانى بەرپرسان و بنکەى جەماوەرى یەکێتیە

بەرهەم ساڵح سەرقاڵى چیە؟
بەرهەم ساڵح جگە لە دەزگاى خەندان ئێستا لەئاستى عێراق خاوەنى دامەزراوەیەکى دیکەیە بەزمانى عەربى و کوردى پەخش دەکات بەنیازى ئەوەیە بیکات بە تەلەفزیۆن، لەگەڵ ئەوەش مانگانە هەزاران دۆلار بۆ پاڵپشتى میدیای عێراقى خەرج دەکات، ئەوەش گومانى ئەوە دروستدەکات جگە لەبەهێزکردنى پێگەى خۆى لەناو یەکێتى بۆ چوار ساڵى ئایندە و دواتریش دەیەوێت لەعێراقدا خاوەن پێگە و پڕۆژەى خۆى بێت، ئەوەش بەلاى بنکەى جەماوەرى یەکێتیەوە جێگەى گومانە، بۆچى لەدەرەوەى یەکێتى بەرهەم ساڵح ئەم جوڵانە دەکات؟

Picsart-24-02-23-21-31-09-085