وڵات _ تایبەت
دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان راپۆرتێكی وردی لەبارەی وەزارتی كارەباوە ئامادەكردووە، لە راپۆرتەكەدا چەندین رەخنەی ورد لەو وەزارەتە دەگرێت كە گومانی گەندەڵی بەهەدەردانی ملیارەها دینار لێدەكرێت، پێی وایە "لادانی گەورە لەوەزارەتی كارەبا هەیە".
بەگوێرەی راپۆرتەكەی دیوانی چاودێری دارایی كە بۆ وەزارەتی كارەبا "پابەندكەرە"، سەرەتا باس لەخەرجییە گشتیەكانی وەزارەت دەكات ئاماژە بۆ ئەوەدەكات بودجەی گشتی وەزارەتی كارەبا زیاتر لە ٦٩ ملیار ٦٢٠ ملیۆن دینارە، بەڵام وەزارەت بۆ ئەو ساڵە ٢٥٢ ملیار دینارو ٧٨٠ ملیۆنی حەرج كردووە.
راپۆرتەكە رەخنەی ئەوە دەگرێت لادانێكی گەورە دروستبووە لە بودجەی ساڵانەی وەزارەت بەگوێرەی خشتەیەكی بەراوردكاری كە لیژنەكەی دیوان كردویانە، وەزارەتی كارەبا ١٨٣ ملیار دینار زیادەی بودجەی گشتی وەزارەتی جەرجی كردووە، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەم وەزارەتە لە كۆمپانیا ئەهلیەكان كارەبای كڕیووە.
راپۆرتە ئاماژە بەچەندین جۆری دیكە بەهەدەرادان دەكات كە وەزارەتی كارەبا ئەنجامی داوەو دیوان تێبینی لەسەری هەبووە لەوانەش (خەرجكردنی زیاتر لە ٤٦ ملیار دینار بۆ خەرجی نان خواردن، بەبێ ئەوەی مەبەستی خەرجییەكە دیاری بكرێت، پاشان خەرجكردنی ٥٣ ملیار دینار بۆ چاككردنەوەی ئۆتۆمبێل بەبێ ئەوەی لیژنە تایبەتمەندەكان كۆنوسی خۆیان پێشكەش بكەن، دیوان دەڵێت: "هەستدەكەین لیژنەی بەشی ئامێرەكانی وەزارەتی كارەبا بەگوێرەی پێویست تۆماری خەرجی چاككردنەوەی ئۆتۆمبێلی رێكنەخستووە".
بودجەی گشتی وەزارەتی كارەبا زیاتر لە ٦٩ ملیار ٦٢٠ ملیۆن دینارە، بەڵام وەزارەت ٢٥٢ ملیار دینارو ٧٨٠ ملیۆنی خەرج كردووە
ئەمە جگە لەوەی وەزارەتی كارەبا بەبێ دابەشكاری تەواوو رێكخستنی پێویست ٥٣ ملیۆن دیناری بۆ كڕینی كارتی مۆبایل تەرخانكردووە.
دیوانی چاودێری دارایی پاشان دێتە سەر باسكردنی تێبینیو رەخنەكانی لەسەر نوسینگەی وەزیری كارەبا سەرەتاش بەوە دەستپێدەكات، نوسینگەی وەزیر چەندین كاڵای ناپێویستو دوبارەی كڕیوە، هەروەها لە وێستگەكان بەنزینی بەبێ مۆری وێستگەكە پسولەیان بەشی ژمێریاری هێناوەو لەگەڵ ئەوەش پسوولە كەوتووەتە بەردەستی لیژنەكەی دیوان كە دووجار دووبارە بووەتەوە هەرجارەو بەبڕە پارەیەك، ئەمە جگە لەوەی شاندو سەفەرەكانی نوسینگەی وەزیر رەچاوی شاندو سەفەریان نەكردووە.
دیوانی چاودێری دارایی قسەی لەسەر كاری خەرجی لیژنەكانی وەزارەت كردووە ئاماژە بە چوار هەڵەی دیاردەكات لەكاری ئەم لیژنانە دەڵێت "ئەم لیژنانە واژوو لەسەر پسولەكان ناكەن، كڕینی كەلو پەل پێچەوانەی رێنماییەكانی كڕین، بەبێ ئەوەی داوكاری كڕین هەبێت، لەگەڵ ئەوەش وێنەی دووەمی پسولەكان وەك بەرایی لەبەشی ژمێریاری هەڵناگیرێت، ئەمە سەرباری ئەوەی پێش كڕینی كەلو پەل وردبینی پێویست ناكرێت".
تیمەكەی دیوانی چاودێری دارایی بەشێكی تایبەت بە گرێبەستەكانی وەزارەتی كارەبایان كردووەتەوە، لەو بەشەش چەندین رخنەیان لە وەزارەتی كارەبا گرتووە كە هەموویان ئاماژە بۆ بەهەدەردانی پارە لەوبارەیەوە نمونەی گرێبەستی كڕینی كارەبای ٥٠٠ میگاواتی كارەبای هەولێری هێناوەتەوە كە لەگەڵ (ماس جۆردۆن) ئەنجام دراوە.
دیوان بڕوای وایە، زۆرینەی بڕگەكانی گڕیبەستەكە لەخزمەتی كۆمپانیاكەیەو تەنانەت سزای دواكەوتن لەناو گرێبەستەكە جێگیر نەكراوە، لەگەڵ ئەوەش پێوەرەكانی پێدانی كارەبا لەسودی كۆمپانیاكە گۆڕانكاری بەسەرداهاتووە، پاشان ستافێكی زۆر بۆ سەرپەرشتیاری كارەكانی جێبەجێكردنی پڕۆژەكەی ماس جۆردەن دانراوە ئەوەش پڕۆژەكەی خاوكردووەتەوە.
نوسینگەی وەزیر چەندین كاڵای ناپێویستو دوبارەی كڕیوە، هەروەها بەنزینی بەبێ مۆری وێستگە خەرجكردووە
دیوان ئاماژەی بۆ ئەوەكردەوە، وەزارەت نەیتوانیوە پارەی پڕۆژەكە لەكاتی خۆیدا دابین بكات بۆیە پڕۆژەكە دواكەوتووە، لەگەڵ ئەوەش كۆمپانیانەی كارەكەیان ئەنجامنەداوە هەڵنەساون بەئەنجامدانی كاری پێویست بۆیە پەنا بۆ درێژكردنەوەی گرێبەستەكان براوە".
دیوانی چاودێری دارایی جگە لەم پڕۆژەیە رەخنەی لە پڕۆژەكانی (دابینكردنی محاویلە لەلایەن كۆمپانیای ئێرانی ترانسفۆمەر كە ٦٠ رۆژی ماوەی دراوەتێ بەهۆی ئەوەی نەتوانراوە پێشەكی (١٠%) خیتاب زەمانی بدرێتێ)، (دابینكردنی تیلی كۆنتراكتەر كە جێبەجێكراوە لەلایەن هاسی توركیو گەیاندنی كێبڵ بۆ بازاڕی نیشتمان لەلایەن كۆمپانیای زاگرۆسو دابینكردنی پێنج وێستگەی مۆبایل لەگەڵ كۆمپانیای پاورمین) هەموو ئەمانە كێشەی كاتیان هەبووە لەجێبەجێكردن نەیانتوانیوە لەكاتی خۆیدا جێبەجێی دەكەن.
دیوانی چاودێری دارایی رەخنە لە بەشی كۆگاكان دەگرێت ئاماژە بۆ ئەوەدەكات، لەبەشی كۆگا تۆماری پێویست بەكارنەهێنراوە بۆ تۆماركرنی كەلو پەلەكانی وەزارەت لە (هاتنو دەرچوون) ئەمەش وایكردووە، كۆنترۆڵی تەواو نەكرێت بەسەر ئامێرەكانی بەشی كۆگا.
٥٣ ملیار دینار بۆ چاككردنەوەی ئۆتۆمبێل بەبێ ئەوەی لیژنە تایبەتمەندەكان كۆنوسی خۆیان پێشكەش بكەن
دیوانی چاودێری دارایی، ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە پێچەوانەوە نەریتی ژمێری چەندین تۆماری چاودێری بەڵگەنامەكانی بەركا نەهێناوە كە پێكهاتوون لە تۆمارەكانی (١٦، ٦٤،٩).
دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان دوای دەستنیشاكردنی كەموكوڕییەكان، (گوتارێكی ئیداری) بۆ وەزارەتی كارەبا ناردووە داوایكردووە چارەسەری ئەو كێشانە بكرێت كە لەڕاپۆرتی پابەندبوون هاتوون.
سەرەتای گوتارەكەی دیوان داوادەكات، بەراوردی كەشفی بانكی بكرێت لەگەڵ حسابی جاری، لەگەڵ ئەوەش پلانێكی ورد دابنرێت بۆ ئەوەی خەرجی ساڵانە بۆ كەمكردنەوەی ئەو لادانانەی هەبووە.
دیوانی چاودێری دارایی داوای چارەسەركردنی كێشەی پسوڵەی خواردنو بەشی ئامێرەكان دەكات كە لەڕاپۆرتی پێشوودا بەوردی باسی لێوەكراوە.
هاوكات داواش دەكات، ئەو پێشینانەی وەستاون بەزویی یەكلایی بكرێنەوەو هۆكاری وەستانیان رونبكرێتەوە.
لەلایەكی دیكەوە دیوانی چاودێری دارایی داوای لێكۆڵینەوە لە گرێبەستەكان دەكات، جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە كە هەر گۆڕانكارییەك لە گرێبەستكانی وەزارەت دەكرێت پێویستە گرێبەستی نوێ واژوو بكرێت، لەگەڵ ئەوەش ماوەی گونجاو دابنرێت بۆ دانەوەی شایستەكانو سزای دواكەوتن بۆ ئەو كۆمپانیانە دابنرێت بەهۆی ئەوەی ناتوانن لەكاتی خۆیدا پڕۆژەكانیان تەواو بكەن.
خەرجكردنی زیاتر لە ٤٦ ملیار دینار بۆ خەرجی نان خواردن
دیوانی چاودێری دارایی لەبەشی كۆگادا بە پێویستی دەزانێت تۆماری ژمارە ١٣ی بەكاربهێنرێت بۆ تۆماركردنی ئەو كەلوپە دێنە بەشی كۆگا.
ئەمە جگە لەوەی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان ئاماژە بۆ ئەوەدەكات، پێویستە پاشەكەوتی پڕۆژەكان دوای تەواوبونی پڕۆژەكان بگەڕێندرێتەوە بۆ گەنجینەی هەرێم.
209 جار بینراوە

