ئەمڕۆ شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند "شاسوار و باندەکەی هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی رووتمان لێدەکەن".
شادی نەوزاد پەرلەمانتاری جوڵانەوەکە ڕایگەیاند "ئەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵات و لە شارەکانی دیکەوە هاتوونەتە سلێمانی بۆ بەشداری لە چالاکییەکانی نەوەی نوێ، ئەو کەسانە لە شوققەکانی گوندی ئەڵمانی و کابینەکانی چاڤیلاند ماونەتەوە، کامێرای شاراوە لەو شوققە و کابینانە بۆ ئەو کەسانە دانراوە و ئێستا هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی تایبەتی ئەو کەسانە دەکرێت".
جەختیشیکردەوە "چەند سەعاتێک پێش بڵاوکردنەوەی راگەیێندراوەکەمان ڤیدیۆیەکی دەستکاریکراوە بە دەنگ و فۆتۆ نێردراوە بۆ من و پەرلەمانتارەکانی ترمان کە تێیدا نووسراوە (چاوەڕوانی بڵاوکردنەوەی فیلمی رووتی خۆشتبە)".
ئەمەش لە کاتێکدا دێت کە لە ئێستادا دوو باڵی جیاواز لە نەوەی نوێدا دروست بووە و بەشێک لە پەرلەمانتارەکان ناڕازین لە سیاسەتی جوڵانەوەکە
هەر لەوبارەیەوە دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ڕێگەپێنەدراوە کە ڤیدیۆیی شەخسی هاوڵاتیان لە شوێنە گەشتیارییەکانی وەک چاڤی لاند تۆماربکرێت.
نادر ڕۆستی وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم ڕایگەیاند "ڕێگە پێنەدراوە کە لە شوێنی گەشتیاریدا کامێراکان زوومبکرێن و ژیانی تایبەتی خەڵک وێنە بگرن".
سەبارەت بە قسەی شادی نەوزاد پەرلەمانتاری نەوەی نوێ کە ڕایگەیاند ئەو کەسانەی لە کابینەکانی چاڤیلاند ماونەتەوە ڤیدیۆیی ژیانی تایبەتیان تۆمارکراوە، وتەبێژەکەی دەستەی گەشت و گوزار ڕایگەیاند کە ئەگەر سکاڵا تۆماربکرێت ئەوان بە دواداچوونی خۆیان دەکەن و ئەو کارە قەدەغە و نایاساییە
