
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران ئاشکرای دەکات، ئاگرێک لە بازاڕێکی سۆران کەوتووەتەوە و بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەش، بەربەست لەبەردەم تیمەکانی بەرگریی شارستانی دروست کراوە.
عەمید عیماد کەنعان، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران ڕایگەیاند: "کاتژمێر 2 و 45 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 4/3/2019، ئاگادار کراینەوە بەبوونی ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە ناو بازاڕی شاری سۆران، دەستبەجێ تیمی ئامادەباشی بنکەی بەرگریی شارستانیی سۆران گەیشتە شوێنی ڕووداوەکە".
گوتیشی: "بەداخەوە لەلایەن ھاووڵاتییەک ھەوڵی سووتاندنی بازاڕ دراوە و سەرەڕای سەوتاندنی بازاڕەکە، لە کوژاندنەوەی ئاگرەکە ڕێگری لە تیمەکانی بەرگریی شارستانی دەکرد".
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران ئاماژەی بەوەش دا: "دوای ھەوڵی بەردەوام، خۆشبەختانە لەلایەن تیمەکانی بنکەی بەرگریی شارستانیی سۆران ئەو کەسە دەستگیر کرا و ڕادەستی پۆلیسی فریاکەوتن کرا، ئاگرەکەش بە زوویی کۆنترۆڵ کرا".