ئەمیندارێتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق حاڵەتی لەناكاو لە سەرتاسەری وڵات ڕادەگەیەنێت و جەختدەكاتەوە، كە دەبێت ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ كۆنتڕۆڵكردنی لافاو.
بەپێی پێشبینییە كەشناسییەكان، لە دوو ڕۆژی داهاتوودا شەپۆلێكی باران و لافاو ناوچەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و مەترسی لەسەر چەندین ناوچە دروست دەبێت و بەوهۆیەشەوە بەنداوەكان ئاوی زیاتر بەردەدەنەوە.
شانەی ڕاگەیاندنی حكومی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمیندارێتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان و پارێزگاكانی ڕاسپاردووە بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، كە ئەگەری هەیە بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانەوە لافاو دروست ببێت.
جەختیشی كردۆتەوە، كە دەبێت ڕێوشوێنی بەپەلە بگیرێتە بەر بەرامبەر زیادبوونی ئاو لە ڕووباری دیجلە بەهۆی بارانی بەردەوامەوە و پاراستنی شارەكان لە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و نقووم بوون.
ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو پارێزگایانەی ئەو شەپۆلە دەیانگرێتەوە بریتین لە (سەڵاحەدین و كەركوك و بەغدا و دیالە و واست و میسان و زیقار)، بەڵام هیچ ئاماژەیەكی بە شارەكانی ناو سنووری ئیداری حكومەتی هەرێم نەكردووە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق داواشی لە هاووڵاتیان كردووە، “دووربكەونەوە لە ڕۆخی ڕووبارەكان تاوەكو تووشی كارەسات نەبن بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ڕووبارەكان و هەماهەنگی تەواو لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكان لە پارێزگاكان بكەن بۆ ئاگاداربوون لە سەرجەم زانیارییەكان”.
