نوێترین

recent

04/03/2019

خواردنەوە وزەبەخشەکان مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی مێشك 500% زیاددەکەن

توێژینەوەیەکی سەنتەری توێژینەوە لە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی سووڕان لە ئوسترالیا دەریخستووە خواردنەوە وزەبەخشەکان مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی مێشك 500% زیاددەکەن، ئەمەش چونکە هۆکارن بۆ ناڕێكی لێدانەکانی دڵ. 

سکۆت ویلۆگبی، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکەی سەنتەری توێژینەوە لە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی سووڕان لە نەخۆشخانەی رۆیال ئەدیلەید لە ئوسترالیای کردووە، دەڵێت تەنیا دوای کاژێرێك لە خواردنەوەیەکی وزەبەخش، گۆڕانکاری لە پێکهاتەی خوێن دروستدەبێت و هاوشێوەی کەسێكی تووشبووی نەخۆشییەکانی دڵ دەیگۆڕێت.

سکۆت ویلۆگبی دەڵێت کاتێك کەسێك سترێسی زۆری هەیە یان پەستانی خوینی بەرزە و خواردنەوەی وزەبەخش دەخواتەوە، مەترسیی هەیە کار لە لوولەخوێنەکانی بکات و هۆکارە بۆ کلۆبوون و مەینی خوێن؛ سەرەنجام مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی مێشك و دڵ زۆرتردەکات.

توێژەرانی نەخۆشخانەی رۆیال ئەدیلەید لە ئوسترالیا روونیدەکەنەوە زۆری کافاین لەنێو خواردنەوە وزەبەخشەکان، هۆکارە بۆ زیادبوونی کالسیۆمی دەردراو لە خانەکانی دڵ، بەمەش سووڕی کارەبایی دڵ تێکدەچێت، لێدانەکانی دڵ ناڕێك دەبن و مەترسیی تووسبوون بە جەڵتەی مێشك 500% زیاددەکات. 

د. تروودی لۆببان، پسپۆڕی دڵ لە نەخۆشخانەی رۆیال ئەدیلەید لە ئوسترالیا دەڵێت نابێت رۆژانە هێندە خواردنەوە وزەبەخشەکان بخورێنەوە، کە دڵ تووشی ناڕێكی لێدانەکان ببێت، دەشڵێت هەندێك کەس لەگەڵ کحوول دەیخۆنەوە، کە مەترسییەکەی زیاتریش دەبێت. چونکە تێکەڵەیەکە لە هاندەر و خاوکەرەوە و زیانی زۆری لەسەر تەندروستی دەبێت. 

بەشێكی خەڵکی لەکاتی بێهێزی و ماندووبوون، پەنا بۆ خواردنەوە وزەبەخشەکان دەبەن، کە زۆرینەی خواردنەوە وزەبەخشەکان بڕێكی زۆر شەکر و کافاینیان تێدایە، هەروەها بڕێک لە ماددەی ئەسپارتام لەنێویان هەیە، کە شیرینکەری دەستکردە، بەڵام زیان بە دەمارەکان و مێتابۆلیزمی جەستە دەگەیێنێت، کاریگەری دروستکەری شێرپەنجەی هەیە. بوونی ئەم زیانانەش وایکردووە لە نەرویج، دانیمارک و ئۆرۆگوای قەدەخەبکرێن. کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانیش هۆشداریدەدەن نابێت رۆژانە زیاتر لە دوو قوتوویان لێبخورێتەوە. 
Picsart-24-02-23-21-31-09-085