بەرپرسی پێشووی مەڵبەندی حەوتی یەكێتی لە ساڵیادی كەوتنی شنگال و كۆنتڕۆڵكردنی لەلایەن داعشەوە بەشێك لە بیرەوەرییەكانی بڵاوكردۆتەوە و ئاماژەی بەوەكردوە، كە پێشمەرگەكانی هێزی 80ی سەر بە پارتی و زێرەڤانی بەرگرییەكی كەمیان كردوە و دوای هێرشەكەی داعش كشاونەتەوە.
هەڵۆ پێنجوێنی، كە هاوكات ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی-شە لە وتارێكدا بەناونیشانی، "ساتێك لە یادی كارەساتی جینۆسایدی شنگال" كە لە پەڕەی خۆی لە فەیسبوك بڵاوی كردۆتەوە نوسیویەتی، "داگیركەرە یەك لەدوای یەكەكانی كوردستان لەدێرزەمانەوە تموحێكی تایبەتیان هەبووە لەداگیركردنی شنگال، ئەمەش لای شۆڤێنیەكان لەسەر بنەمای گرنگی هەڵكەوتەی شنگال و مێژوو پێكهاتەكەیەتی".
شنگال دەكەوێتە باشوری ڕۆژئاوای موصل لەسەر سنوری دەستكردی ڕۆژئاوای كوردستان، چیای شنگال لەچەقی سنوری شنگالدا بەدرێژایی زیاتر لە (74كم) ڕاكێشاوە و چیایەكی سەختە و كەم ئاوە. لەخۆرهەڵاتی چیاكە دێتەوە بەرەو سنوری تەلەعفەر و هەروەها لەوسەریش واتە باشوری ڕۆژئاوا دەچێتەوە سنوری خۆرئاوای كوردستان و شارۆچكەی شنگالیش لە ناوەڕاستی بناری چیای شنگالە بەدیوی ڕۆژهەڵات، بەسەدان و هەزاران دۆنم زەوی كشتوكاڵی چواردەوری چیاكەی داوە و ژمارەیەكی زۆر دانیشتوانی كوردی لێرە دەژیا، كە هەرەزۆری هەڵگری ئاینی ئێزیدین.
هەڵۆ پێنجوێنی لە نوسینەكەیدا باسی سەرەتاكانی هێرشی داعشی كردووە بۆ سەر شنگال و نوسیویەتی، "یەكێتی نیشتیمانی كوردستان فەوجێكی (500 تا 600) كەسی هەبوو، كەپاسەوانی بارەگا حیزبیەكانیان دەكرد لەسنوری شنگال، كە جگە لەچەكی سوكی پاسەوانی هیچ جۆرە چەكێكی قورسیان لانەبوو.
لەدوای هاتنی داعش لە 10/6/2014 بۆ سنوری موصڵ و داگیركردنی شاری موصڵ، شنگال لەبەردەم مەترسیەكی گەورەدابوو بە هیمەتی پێشمەرگە بەتایبەت لیوا هاوبەشەكانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە ڕێگای ڕەبیعە بۆ سنوری شنگال بە پانتاییەكی زۆر تەسك و بەدرێژایی ڕێگاكە كۆنتڕۆڵ كرا".
لە بەشێكی تری نوسینەكەیدا ئەو بەرپرسەی یەكێتی باسی هێزەكانی پارتی كردووە و دەڵێت: "بەماوەیەك پێش پەلاماری داعش بۆ شنگال هێزێكی پڕ چەكی زێرەڤانی سەر بە پارتی و فەرماندەییەكانی سەر بە هێزەكانی (80)ی پارتی هاتنە سنورەكە و بوونە مایەی دڵخۆشی زۆر بۆ دانیشتوانی سنورەكە و كادر و پێشمەرگەی سنورەكە بە تایبەت یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەموو وەك پێشمەرگە چوونە سەنگەری بەرگری، ڕۆِژ بە ڕۆژ هێرشی دوژمن زیاتر دەبوو تا لەسەعات 2 بۆ 3ی شەوی 3/8/2014 لە هەموو لاوە پەلاماری شنگال درا".
هەڵۆ پێنجوێنی سەبارەت بە شەڕەكەیش لە نوسینەكەیدا گێڕاویەتیەوە، "جگە لەوەی كە هێزەكانی داعش بەبەرنامە لەچەندین لاوە پەلاماریاندا لەهەمان كاتدا گوند و شارۆچكە عەرەبەكانی دراوسێی شنگال هەركەس لە ئاستی خۆیەوە پەلاماری گوندە دراوسێ ئێزیدیەكانی خۆیاندا بەجۆرێ كە لەزۆر شوێن وایان دەزانی كریڤن و هاتوون بەدەم برا كریڤەكانیانەوە، بەڵام بەداخەوە بەدەستڕێژی گوللە كۆمەڵكوژیان دەكرد و ژن و منداڵیان بەدیل دەبرد".
ڕۆژی 3ی ئابی 2014 داعش لە چەند قۆڵێكەوە پەلاماری شنگالی دا و دوای كشانەوەی پێشمەرگە و زێرەڤانی لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا تەواوی ناوچەكانی خۆرئاوای موسڵیان كۆنتڕۆڵكرد و ڕۆژی 7ی ئابیش مەخموریشیان كۆنتڕۆڵكرد و دواتر پێشمەرگە بە هاوكاری فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان ناوچەكانی كۆنترۆڵكردەوە.
