نوێترین

recent

07/08/2017

قایمقامی سەیدسادق: كەس لەسەر دزی بە بازاڕدا نەگێڕدراوە



"دوو كەس لە شارۆچكەی سەیدسادق لەسەر ئەوەی پاتریی ئۆتۆمبێلیان دزیوە، دەخرێنە پشتی پیكابەوە و بەناو شاردا دەیانگێڕن".

ئەم چیرۆكە لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووكدا وەك ئاگری ناو پووش بڵاوبووەوە، لەكاتێكدا هەندێك دەڵێن رووداوەكەیان بەچاوی خۆیان بینیوە، بەرپرسانی شارەكە سەرلەبەری چیرۆكەكە رەتدەكەنەوە.

وەك دەگوترێ، ئەو دوو كەسە كە تۆمەتبارن بە دزینی 40 پاتریی ئۆتۆمبێل، كاژێر هەشتی بەیانیی رۆژی 2/8/2017 بە پیكابێكی پۆلیس بردراون بۆ دادگا، پیكابەكە بەنێو بازاڕی سەیدسادقدا براوە و پۆلیسەكان هاواریان كردووە: خەڵكینە ئەمانە دزی پاترییەكانن.

ئیدارەی قەزاكە ئەم چیرۆكە رەتدەكاتەوە، بەڵام عەدنان قادر كە مامۆستایە و دەڵێت شایەتحاڵی رووداوەكە بووە، بە (رووداو)ی گوت: "بەچاوی خۆم بینیم ئەو دوو كەسە كەلەپچە كرابوون و لە پشتی پیكابێكی پۆلیسدا دانرابوون، چوار پۆلیس لەنێو پیكابەدا بوون، پۆلیسەكان هاواریان دەكرد خەڵكینە ببینن، ئەمانە بوون كە پاتریی ئۆتۆمبێلیان دەدزی، نازانم مەبەستی ئەو پۆلیسانە چی بوو، ئایا شكاندنی كەرامەتی ئەو كەسانە بوو، یان بۆ عیبرەت وەرگرتن بوو بۆ ئەوەی كەس جورئەت نەكات دزی بكات".

ئەو مامۆستایە دەڵێت: "ئەوانە هەر شتێكیان كردبێ‌، ئەوە پێشێلكردنی مافی مرۆڤە، نەدەبوو پۆلیس ئەوەی كردبایە، دەبێت بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس ئەوە روونبكاتەوە كە بەبڕیاری ئەوان ئەوە نەكراوە و پۆلیسەكان لە خۆیانەوە ئەو كارەیان كردووە".

دیاری تۆفیق، قایمقامی قەزای سەیدسادق باسی ئەو دوو تۆمەتبارەی كرد و گوتی: "پێش دەستگیركردنی ئەو دوو كەسە، 40 داوا لەسەر دزینی پاتریی ئۆتۆمبێل تۆمار كراوە، بەڵام خۆشبەختانە نەیانهێشت ئەو دیاردەیە زیاتر تەشەنە بكات و دزەكانیان دۆزییەوە و دەستگیریان كردن". گوتیشی: "ئەو دزانە لە بازگەی سەراو دەستگیركراون كە ژمارەیەك پاترییان پێبووە و ویستوویانە بیبەن بیفرۆشن".

بەڵام رەتیكردەوە كە ئەو تۆمەتبارانە بەنێو خەڵكدا گێڕدرابن و گوتی "ئەو قسەیە ئەسڵ و ئەساسی نییە، هەر كەسێك قسەی وا بكات بێویژدانی بەرامبەر دانیشتووانی سەیدسادق دەكات". گوتیشی: "ئەگەر ئەوەی دەگوترێ‌ راست بێ‌، دەبێ‌ ئەنجامدەرانی باجەكەی بدەن، ئەگەرنا دەست لەكار دەكێشمەوە".

هەر لەوبارەوە عەقیدی پۆلیس حەكیم  عەزیز، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای سەیدسادق گوتی: "دوو كەس لەسەر دزینی پاتری ئۆتۆمبێل گیرابوون، خەڵكیان تەواو هەراسانكردبوو، كەس لەماڵی خۆی دڵنیا نەبوو".

سەبارەت بەوەی دەگوترێ‌ تۆمەتبارەكان بە نێو بازاڕدا گێردراون، حەكیم عەزیز گوتی "راستە ئەوانە بە ئۆتۆمبێلی پۆلیس گواستراونەتەوە، بەڵام ئەو قسەیەی لەبارەیانەوە دەگوترێ‌ كە بەنێو خەڵكدا گێڕدرابن دوورە لە راستیەوە".

ئومێد حەمە عەلی، ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت ئەویش لە خەڵكی بیستووە كە ئەو دوو كەسە بەنێو خەڵكدا گێڕدراون، بەڵام گوتی ئەوە سەلماندنی دەوێ‌ و دەبێ‌ وێنە و ڤیدیۆ هەبێ‌ كە بیسەلمێنێ‌ ئەو پۆلیسانە ئەو كارەیان كردووە. گوتیشی "ئەگەر ئەوە راستبێ‌ ئێمە بەدواداچوونی بۆ دەكەین، چونكە ئەوە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤە".
Picsart-24-02-23-21-31-09-085