فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند كە پێشوازی لە هەوڵەكانی دەست بەكاركردنەوەی پەرلەمان دەكەن و پەرلەمانی کوردستانیش لە زوترین کاتیشدا دەست بە کۆبونەوەکانی بکاتەوە و پاڵپشتی ریفراندۆم و ژیان و گوزەران و موچەی خەڵکی کوردستان و چارەنوسی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پێشینەی بەرنامەی کار دابێت.
فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، ئەمڕۆ(شەممە) لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە”پێشوازی لە هەوڵەکانی دەستبەکارکردنەوەی پەرلەمان دەکەین و هیواخوازین لە چوارچێوەی تەوافق و سازانی سیاسی سەرجەم کێشەکان لە سەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکرێن”.
جەختیشی كردۆتەوە كە ئەمڕۆ لە هەمو کات زیاتر یەکڕیزی و تەبایی هێزە سیاسیەکان پێویستە و دەبێ ناکۆکی و جیاوازیەکان وەلا بنرێن و “لەچوارچێوەی ستراتیژیێکی نیشتمانی سەروی بەرژەوەندی حیزبی و سیاسی، خۆمان رێکخەینەوە”.
وتوشیەتی”پێشوازی لە هەوڵەکانی دەست بەکارکردنەوەی پەرلەمان و چارەسەرکردنی کێشە یاسایی و سیاسییەکان دەکەین و هیواخوازین لە چوارچێوەی تەوافق و سازانی سیاسی سەرجەم کێشەکان لە سەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکرێن. پەرلەمانی کوردستانیش لە زووترین کات دەست بە کۆبوونەوەکانی بکاتەوەو پاڵپشتی ریفراندۆم و ژیان و گوزەران و مووچەی خەڵکی کوردستان و چارەنووسی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پێشینەی بەرنامەی کار دابێت و هەموومان بە یەکەوە لەم ماوە کورتەی لە بەردەستمان ماوە بەرژەوەندی هاوڵاتیان بکەینە ئامانج و بە یەکەوەش خۆمان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم ئامادە بکەین”.
لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 2015ەوە پەرلەمانی كوردستان پەكی كەوتوە ئەوەش پاش رێگریكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە گەڕانەوەی یوسف محەمەد، سەرۆكی پەرلەمان بۆ هەولێر.
