نوێترین

recent

01/08/2017

"یەكڕیزی‌ یەكێتی‌ تێكداوە" بەبڕیاری‌ كۆسرەت رەسوڵ شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەپۆستەكەی‌ دوردەخرێتەوە



بەبڕیاری‌ كۆسرەت رەسوڵ‌، جێگری‌ سكرتێری‌ یەكێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەپۆستی‌ بەرپرسی‌ رێكخستنەكانی‌ دەرەوەی‌ یەكێتی‌ دوردەخرێتەوە، جەعفەر شێخ مستەفا دەڵێت: "شاناز یەكڕیزی‌ یەكێتی‌ تێكداوە".

بەپێی‌ زانیارییەكان، كە هەفتەنانەی ئاوێنە ئەمڕۆ سێ‌ شەممە بڵاویكردووەتەوە، كۆسرەت رەسوڵ‌ بەبڕیارێك شاناز ئیبراهیم ئەحمەد سزادەدات‌و لەپۆستەكەی‌ دوری‌ دەخاتەوە، بڕیاری‌ سزادانەكە دوێنێ‌ (31/7) گەیشتووەتە مەكتەبی‌ رێكخستنی‌ یەكێتی".

هەر بەپێی زانیارییەكات‌، هۆكاری‌ سزادانەكەش لێدوان‌و رەخنە بەردەوامەكانی‌ شاناز ئیبراهیم ئەحمەدە لەسەركردایەتی‌ حیزبەكەی‌، بەتایبەتی‌ سەبارەت بە بەشداریكردنی‌ ئەندامانی‌ مەكتەبی‌ سیاسی‌ یەكێتی‌ لەكۆمیتەی‌ ریفراندۆمدا.

هاوكات جەعفەر شێخ مستەفا، ئەندامی‌ مەكتەبی‌ سیاسی‌ یەكێتی‌ لەبارەی‌ سزادانی‌ شاناز ئیبراهیم ئەحمەدەوە بەئاوێنەی‌ راگەیاند “من شاناز بەوە نازانم قسەی‌ لەسەر بكەم، ئەو قسانەی‌ ئەو هەر حسابی‌ بۆ ناكرێت، یەكێك بیەوێت یەكڕیزیی‌ میللەت تێكبدات، یەكڕیزیی‌ حیزب تێكبدات، دەبێت چ حسابێكی‌ بۆ بكەیت".

شێخ جەعفەر راشیگەیاند “ئەوانەی‌ یەكێتی‌ رەسەن‌و راستەقینەن ریفراندۆم بەپێویست دەزانن‌و ئامادەن سەری‌ خۆشییانی‌ لەپێناودا دانێن، بەڵام كۆمەلێك خەڵك هەن بە بەرنامەڕێژكراویی‌ ئیشدەكەن لەناو یەكێتیدا‌و دژی‌ یەكڕیزی‌ میللەتەكەن، دژی‌ یەكڕیزی‌ یەكێتی‌‌و دژی‌ یەكێتی‌ كاردەكەن".

سەرەتای‌ ئەمساڵ‌، شاناز ئیبراهیم ئەحمەدو چەند كادێرێكی‌ باڵای‌ دیكەی‌ یەكێتی‌ بەهۆی‌ لێدوانەكانیانەوە لەلایەن مەكتەبی‌ سیاسییەوە
ئاگاداركرابوونەوە، لەوانە لاهور شێخ جەنگی‌، عادل مورادو سیروان كوێخا نەجم.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085