هێزە ئاسایشی كەركوك، دەستگیركردنی هاوڵاتییەك رادەگەیەنن بە تۆمەتی كوشتنی برایەكی خۆی لەكاتی خەودا، ئەوەش بەهۆی چەند كێشەیەكەوە لەنێوانیاندا.
لە بەیاننامەیەكدا ئەمڕۆ چوارشەممە 26-7 ئاسایشی كەركوك (یەكێتی) بڵاویكردەوە، پاش گەیشتنی زانیاری لە بوونی تاوانێكی كوشتن لەگەڕەكی پەنجا عەلی، راستەوخۆ بە هاوكاری پۆلیسی سنوورەكە گەمارۆی ماڵی تۆمەتبارەكەیان داوەو دەستگیریان كردووە.
“پاش لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان دەركەوت (دەستگیركراوە) برای خۆی كوشتووە.. لە سەر كێشیەیەك لە نێوانیاندا”، بەپێی بەیاننامەكەی ئاسایش.
كاتژمێر 6ی بەیانی یەكشەممە 23-7 لە گەڕەكی پەنجا عەلی باشوری خۆرهەڵاتی كەركوك، هاوڵاتییەك برایەكی خۆی بە دەمانچەو لە كاتی خەودا كوشت.
ئەوكات سەرچاوەیەكی نزیك لە كەسوكاری قوربانییەكە بە (كەركوك ناو)ی وت “ئەو دوو برایە پێكەوە لەماڵەوە بوون، دایكیان ئەو رۆژە لە ماڵی كوڕێكی تری بوو، بكوژەكە چەند ساڵێكە كێشەی دەروونی هەیەو كاتژمێر شەشی بەیانی براكەی كوشتووەو دواتر ماڵی جێهێشتووە”.
كوژراوەكە كارمەندی یەكێك لە بەندینحانەكان بوو، سێ فیشەك بەر سەری كەوتبوو.
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، پۆلیسی قەزاو ناحییەكانی كەركوك دەستگیركردنی بكوژی گەنجێکی تەمەن 17 ساڵی ناحیەی پردێیان راگەیاندو لە لێكۆڵینەوەكاندا دانی بەوەداناوە، بە دوو فیشەكی دەمانچەی توركی كوشتویەتی.
كەركوك كە فرە پێكهاتەی ئاینیو نەتەوەییە، لەدوای شەڕی داعش كوشتنو رفاندن لەناو شارو دۆزینەوەی تەرمی كەسانی نەناسراو لە دەوروبەری شارەكە زیادیكردووە.
لەسەرەتای ئەمساڵەوە، چەندین رووداوی جیاواز لە كەركوك رویداوەو هێزە ئەمنییەكانیش، بەردەوام هەڵمەتی گەڕانو پشكنینیان هەیە بە ئامانجی كەمكردنەوەو نەهێشتنی رووداوەكان.
