لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک داوای پشتیوانی زیاتر لە كەیسەكەی دەكات و ئاماژە بەوەش دەكات ئەوە بەتەنیا كەیسی ئەو نییە، بەڵكو كەیسی ئاڵای كوردستان و هەموو تاكێكی كوردە.
ئەمڕۆ سێشەممە 25ی تەموزی 2017، رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی "ئەو کەیسە بەتەنیا کەیسی رێبوار تاڵەبانی نییە، بەڵکو کەیسی هەموو کوردستانییەکانە، بۆیە داوا دەکەم سەرجەم لایەنەکان بە کردەوە پشتیوانی كەیسەكە بن".
وتیشی "لەڕووی مەعنەوییەوە کوردێك نەماوە لە چوار پارچەكەی کوردستان و لە هەموو دنیا پاڵپشتی و پشتگیریی لە ئاڵای کوردستان نەکات، ئەم کەیسە کەیسی رێبوار تاڵەبانی نییە، بەڵکو کەیسی ئاڵایە کەیسی هەموو کورد و کوردستانییەکە، تەنانەت کەیسی بەشێکی زۆری نەتەوەکانی دیکەی وەکو تورکمان و عەرەب و مەسیحییەکانیشە ".
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك زیاتری روونیكردەوە "سوپاسی هەموو ئەو کەس و لایەنانە لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی حزبەکان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم کە لەڕووی مەعنەوەییەوە پاڵپشت بوونە".
لە كۆتاییدا داوای ئەوەی كرد "سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و مەکتەبی سیاسی سەرجەم حزبەکان و نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عیراق، وەک لایەنێکی پەیوەندیدار بە زووترین کات و بە شێوەیەکی کرداری بێنە نێو کەیسەکەوە بۆ ئەوەی بەلاڕێدا نەبرێت".
