مالیکیی، جەمالەدیین و قەبانچیی لەهەمبەر بارزانییدا
وێڕای ئەوەی بەشێکی زۆری قسەکانی ئەیاد جەمالەدیین، لەسەر دەوڵەتی کوردیی و بارزانیی راستن و بە قازانجی خەڵکی کوردستان و خەڵكی عێراق قسە دەکات، بەڵام کاتێ حەماوەی ناسیۆنالیزمە عێراقییەکەی بەرز دەبێتەوە، تەقدیری شعوری خەڵکی کوردستان ناکات و لەم دۆخەیشدا، خزمەتێکی بەلاش بە فاشیزمی کوردایەتیی و ئابوورییە چەتەگەرییەکەی بارزانیی دەکات. ئەم قسانەی جەمالەدیین لە پەیجی قەبانچییدا بڵاوکراوەتەوە کە ناڕاستەوخۆ بەمانای ئەوە دێت کە ئەحمەد قەبانچیی تەئییدی قسەکانی جەمالەدیین دەکات و سەنگەر لە بارزانیی دەگرێت. ئەمە لەکاتێکدایە کە قەبانچیی و جەمالەدیین، دوو پیاوی جوانی دونیای عەرەبیین و تێفکریینیان لەسەر کێشەی سیاسی کورد، بە گشتیی خراپ نییە.
هەروەها ئەو قسانەی مالیکیی لەگەڵ سپۆتینگی روسیی، رێکوڕەوان خزمەت بە بارزانیی، دەکات. ئەگەر سەیر بکەین، هەمیشە توندڕۆکان و رادیکاڵەکان لە سیاسەتدا خزمەت بەیەکتر دەکەن. ئیسلامییە رادیکاڵەکانی فەڵەسطین و رادیکاڵە جوولەکەکان( زایۆنیستەکان)، کەی شمشێریان لەیەک هەڵسویی، ئەوکات زیاتر خزمەت بە ئەجێنداکانی یەکتر دەکەن. رادیکاڵەکانی سوننە و شیعەش بەهەمان شێوە. ئێستا رادیکاڵە عێراقییەکان و رادیکاڵە نەتەوەییە کوردییەکانیش، هەمان خزمەت بەیەکتر دەکەن.
چارەسەری ئەمە، بەوە دەکرێ، نووسەر و رۆشنبیرە کوردەکان، ئەوانەی عەقڵانییەت بەسەریاندا زاڵە، بە زمانی عەرەبیی بنووسن و لە هەردوو بەرەی ئەم بۆچوونە بدەن. ئەم شمشێرکێشانەی ناسیۆنالیستە عێراقییەکان و ناسیۆنالیستە کوردەکان، ئەم طائیفییە شیعیی و سوننییانەی عێراق، لەگەڵ طائیفییە نەژادییەکانی کوردستانی عێراقدا، هەموویان خزمەت بەیەکتری دەکەن و لەم نێوەیشدا، گەلانی عێڕاق بە کورد و عەرەبەوە، بە هەموو نەژاد، نەتەوە و گرووپە کۆمەڵایەتییەکانەوە، زەرەرمەندی سەرەکیی دەبن. ئەوانەی قازانجیش دەکەن، مافیاکانی شیعە، مافیاکانی سوننە و مافیاکانی کوردن
لەفەیس بووکی نوسەر وەرگیراوە
