نوێترین

recent

13/07/2017

به‌په‌له‌...په‌رله‌مان كارا ده‌كرێته‌وه‌



  پارتی دیموكراتی كوردستان، ئامادەیی دەربڕیوە بۆ كاراكردنەوەی بێمەرجی پەرلەمان و دەستبەكاربوونەوەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان تاوەكو هەڵبژاردنی داهاتوو.  

 ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەركردایەتی پارتی بە رووداوی راگەیاندووە "پارتی ئامادەیی تێدا هەیە راستەوخۆ لەگەڵ گۆڕان دەست بە دانوستاندن و كۆبوونەوە بكات، لەم چەند رۆژە لەگەڵ یەكێتی كۆدەبینەوە، رێگری لە بەردەم كۆبوونەوەی راستەوخۆی گۆڕان و پارتی نییە، ئەگەر بیانووەكە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم تەنیا كاراكردنەوەی پەرلەمان بێت، ئەوا پارتی ئامادەیە پەرلەمانی كوردستان بەو دەستەی سەرۆكایەتییەی ئێستای كارا بكاتەوە". 

‌وشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی، دوای یەكەمین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم رایگەیاند "پرۆژەیەكی گونجاومان بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان داوەتە بزووتنەوەی گۆڕان". بەڵام هەڵسوڕاوانی گۆڕان رەتیدەكەنەوە پرۆژەی پارتییان بەدەست گەیشتبێ‌. 

لەبارەی پڕۆژەكەی پارتی، ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، گوتی "ئەگەر پرۆژەش نەبێ، ئێستا بیستوومانە پارتی دەیەوێ مەرجەكانی لەسەر كاراكردنەوەی پەرلەمان لاببات "بەڵام كێشەی گۆڕان ئەوەیە كە پارتی بیەوێ تەنیا بۆ یاسای گشتپرسی پەرلەمان كارا بكرێتەوە و دواتر دەستی پەرلەمان بگرێ لەوەی ئەو یاسایانە تەواو بكەن كە كاتی پەكخستنی پەرلەمان لەبەردەستیاندا بووە". 

‌ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەكە وتیشی "پارتی دەزانێ كێشەی ئێمە ئەوەیە كە نامانەوێ یاسا بنێرینە لای بارزانی بۆ ئیمزاكردنی ئەگەر ریفراندۆم لە پەرلەمان دەركرا، كێ ئیمزای بكات؟ ئێمە دەمانەوێ پارتی گەرەنتی ئەوە بداتە گۆڕان كە بەگەڕانەوەی یوسف محەممەد، رێگەی هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی لێناگیرێ". 

پێشتر چەند جارێك پارتی لەڕێی یەكێتییەوە پەیامی بۆ بزووتنەوەی گۆڕان ناردووە. دواهەمین پرۆژەش كاراكردنەوەی پەرلەمان و گەڕانەوەی سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكەم دانیشتن و دواتر دەستەیەكی سەرۆكایەتی نوێ هەڵبژێردرێ، بەڵام هەرزوو بزووتنەوەی گۆڕان رەتیكردەوە.  

بەپێی ئەو زانیارییەكان، پارتی لەسەر داخوازیی زۆری لایەنەكان و لەپێناو سەرخستنی پرۆسەی ریفراندۆم، پڕۆژەیەكی نوێی ئامادە كردووە بۆ بزووتنەوەی گۆڕان و بەپێی پرۆژەكە پارتی ئامادەیە بەبێ مەرج پەرلەمان كارا بكرێتەوە و یوسف محەممەد وەك سەرۆكی پەرلەمان دەستبەكار ببێتەوە، بەڵام كاری یەكەمی پەرلەمان دەركردنی یاسایەك بێت بۆ ریفراندۆم و دواتریش پرسە هەڵپەسێردراوەكانی دیكە بەپێی گفتوگۆی سیاسی نێوان لایەنە سیاسییەكان چارەسەر بكرێن لە دەرەوەی پارلەمان و پاشتر لەنێو پەرلەمان كاری لەسەر بكرێ.  

هەر بەپێی زانیارییەكان، پارتی راستەوخۆ دەكەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان. 
Picsart-24-02-23-21-31-09-085