نوێترین

recent

24/06/2017

شکۆ...




سەبا ئەحمەد 

سەرۆک هەمو گەلانی دنیا بۆیە دەوڵەت‌و نەخشەو ئاڵای خۆیان خۆشدەوێ چونکە شکۆیان لەو سنورەدا پارێزراوە، بەهایان لەو ڕەنگانەدا هەیە .. ئەی ئێمە دەوڵەتمان بۆچیە کە شکۆی تاک بەتاکی کورد شکاوە ..؟! 

سەرۆک بەرلەوەی گشت پرسی بکەیت بڕۆ بگەڕێ، خۆت بخەبری ئەو خەڵکە، بزانە چۆن شکۆ بۆ کوردبون ئەگێریتەوە. چونکە تۆ نازانی شکۆی دەستگێرێک بەعەرەبانەکەیەوە لەناو بازارچۆن ئەشکێت، جا ئەگەر سەری سپی بێت یا دەرچویەکی زانکۆ، كه‌له‌به‌ر هەژاری ئەوکارە بكات‌و بەدەست پۆلیسێکەوە کەبەداری کارەبایی لەشەقامەکان دوری ئەخاتەوە، زه‌لیل بێت؟ 

تۆنازانی، شکۆی پۆلیسێکی هاتوچۆ چۆن ئەشکێت لەکاتی ئەرکی رۆژانەی خۆیدا لەلایەن کورە مەسئولێکەوە کەبە بەرچاوی ئەو حەشاماتەوە ئەیداتە بەر کلکە دەمانچە لەبەر ئەوەی پێیوتوە کوا مۆڵەتەکەت..یا موخالیفیت..؟! *- شکۆی ئەو قوتابیەی زانکۆ چۆن ئەگێریتەوە بەبێ شەرم بەبەرچاوی هەمو ڕاگەیاندنەکانەوە دەڵێت: لەبەر بێ پارەیی دومانگە سەردانی ماڵەوەم نەکردوەو حکومەتەکەی تۆش داوای ١٠٠هەزار کرێیی بەشەناوخۆی لێ ئەکات.. 

من دڵنیام تۆ نازانی گەنج چەندە شانازی بەغروری خۆیەوە ئەکات..؟! *- سەرۆک بەر لەگشت پرسیەکەت لیستی ناوی خانەنشینی پێشمەرگەی ڕاستەقینە لە کۆنەجاشەکان جیاکەرەوە. بەوە شکۆ بۆ پێشمەرگە ئەگەڕێتەوە نەک بەبانگەشەی منیش پێشمەرگەم! 

سەرۆک گرنتی چیە سبەی لەبەناو دەوڵەتەکەتدا موچەی مەلا شوانەکان لە موچەی شەهید هۆجامەکان زیاتر نیە؟ ئاخر ٢٦ساڵە موچەی موستەشارە ئەنفال چیەکان و کۆنەجاشەکان لە موچەی پێشمەرگە شەهیدەکان‌و کەسوکاری ئەنفال‌و شەهیدانی هەڵەبجە زیاترە..؟! 

سەرۆک چۆن دڵنیاییمان ئەدەیتێ سبەی لەبامەڕنێ شوانێکی کورد لەلایەن جەندرمەیەکی تورکەوە بەرشەق نادرێت؟ فرۆکەکانی تورک گوندەکانی بناری قەندیل بۆردومان ناکەن؟ ئیتلاعاتێکی ئێرانی لەناو جەرگەی شاره‌كانی كوردستاندا، پێشمەرگەیەکی رۆژهەڵات تیرۆرناکات؟..! 

سەرۆک شکۆ بۆ سۆزی نەتەوەی بگێڕەوە کە ٢٦ساڵە بەردەوامن لەشکاندنی. لەبری فەرشی سور بۆ ئەردۆغان باوەش بەصاڵح موسلیمدا بکە، لەبری گرێبەستی ٥٠ ساڵەی نەوت لەگەڵ تورکیا سنوری رۆژئاوا واڵاکە، لەبری بانگەشە بۆ ئاکپارتی جاڕی کوردبونی هەدەپە بدەو پشتیوانی لەدەمیرتاش بکەو سەردانێکی ئیمرالی بکەو لەبری قاسم سولەیمانی سوپاسی پێشمەرگەکانی هەدەپەو پەکەکەو یەپەژەو دیموکرات و کۆمەڵەبکە. 

سەرۆک ئەمانە هەموی بەیەک شت ئەکرێت گێڕانەوەی شکۆ بۆ یاسا کە ئێوە بە ویستی خۆتان‌و بۆ مەبەستی خۆتان ئەیشکێنن. گەر ئەتەوێ دەوڵەتێکی پڕشکۆت هەبێ بۆتاک و بۆکۆ، رێزی یاسایەک بگرە خۆت واژۆت کردوە، لەپۆستەکەت وەرە خوارەوە. تۆ رێز لەیاسابگریت کەس ناتوانێ دەستەڵاتی عەنتەریات بۆخۆی بەکابێنێ. 

ببورە کە دەڵێم سەرۆک، بەزمانی پارتیەک وەک سەرۆکی پارتی پێتدەڵێم سەرۆک، چونکە تۆ کاتی یاساییت تەواو بوە، هیچ کەس ناتکات بەسەرۆکی هەرێم ..!!
Picsart-24-02-23-21-31-09-085