
سوپای پاسداران رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێکدادان لەگەڵ گروپێکی چەکداریدا روویداوە و چەند کەسێک کوژراوە.
پێگەی سوپا نیوزی سەربە سوپای پاسداران بڵاویکردوەتەوە"ئەمڕۆ هەینی لە پێکدادانێکی چەکداریدا لە کوردستان سێ چەکدار کوژراون".
وتوشیەتی"ئەم گروپە ویستوویانە ئەمنیەتی وڵات تێکبدەن، بەڵام رێگایان لێگیراوە و چەندین جۆر چەک و تەقەمەنیش دەستی بەسەردا گیراوە".
تا ئێستا هیچ لایەنێک لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەبارەی پێکدادانی چەکدارییەوە روونکردنەوەی نەداوە و سوپای پاسدارانیش ئەو لایەنەی دەستنیشان نەکردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران رایگەیاندبوو سوپای پاسداران، وێڕای هێنانی هێزی نوێ لە شارەکانی دیکەی ئێرانەوە بۆ کوردستان چەک و چۆڵیان رەوانەی شارەکانی کوردستان کردووە.
راشیگەیاندبوو"بنکە سەربازییەکانی سنورەکانی باشووری کوردستان و رۆژهەڵات نۆژەنکراونەتەوە و ئامادە کراون".