نوێترین

recent

24/11/2016

مەسعود بارزانی مەرجی کۆتایھێنان بە قەیرانی دارایی ڕادەگەیەنێت



سەرۆکی پارتی، چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی ھەرێم پەیوەست دەکات بەجێبەجێکردنی پەیامەکەیەوە کە سەرەتای ئەم ھەفتەیە بڵاویکردەوە، بەرپرسێکی بزوتنەوەی ئیسلامیش ڕایدەگەیەنێت: بارزانی ڕێککەوتنی سیاسی بۆ چارەسەری قەیرانەکە دەستنیشانکردووە.

دوێنێ ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦، عیرفان عەبدولعەزیز ڕابەری بزوتنەوەی ئیسلامی، سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد.

لەبارەی دیدارەکەی نێوانیان، عەبدوڵڵا وەرتێ ، کە ئامادەی دیدارەک بوو، بە تۆڕی سلێمانی ڕاگەیاند: لەکۆبونەوەکەماندا بارزانی باسی لەپەیامەکەی کردوەو چارەسەری سەرجەم قەیرانەکانیشی پەیوەست کردووە بەجێبەجێکردنی پەیامەکەیەوە.

بارزانی لە پەیامەکەیدا، کە ڕۆژی ٢٠ی ئەم مانگە بڵاویکردەوە، داوای لەلایەنەکان کرد ڕێکبکەون لەسەر دانانی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێم تا کاتی ھەڵبژاردن، دەستەیەکی نوێش بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان ھەڵبژێرن و حکومەتێکی نوێش پێکبھێنن.

عەبدوڵڵا وەرتێ وتی: "بارزانی بەڕوونی پێی وتین کە ھێزە سیاسییەکان دەتوانن لەسەر پەیامەکەی ڕێکبکەون، بەوەش بارودۆخی ھەرێم ھێوردەبێتەوە".

بەرپرسەکەی بزوتنەوەی ئیسلامی ئاماژەی بەوەکرد کە سەرۆکی پارتی نیگەرانی خۆی لەبارەی خراپی بژێوی مامۆستایان و فەرمانبەران بەھۆی نەبوونی موچەوە دەربڕیوەو وتویەتی ئەم قەیرانە کتوپڕ دروست نەبووەو ئێستاش ھەموو ھەوڵێکیان لەپێناو چارەسەرکردنی قەیرانەکان خستۆتەگەڕ، بۆئەوەی موچە بۆ فەرمانبەران بگەڕێندرێتەوە.

ناوبراو راشیگەیاند:" ھەرچەندە بارزانی ھیچ بەڵێنێکی لەبارەی موچەی فەرمانبەران نەدا، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە بەجێبەجێکردنی پەیامەکەی و رێککەوتنی لایەنەکان، دەتوانن ھەموو قەیرانەکانی ھەرێم، بەتایبەت قەیرانی دارایی چارەسەر بکەن".
Picsart-24-02-23-21-31-09-085