نوێترین

recent

01/10/2016

وەزیری پەروەردە ھۆشداریدەدات.."پشتیوانیتان ناکەین"



وەزیری پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەپەیامێکدا بۆ مامۆستایان ھۆشداریدا لەمانگرتن و بایکۆتکردنی ھۆڵەکانی خوێندن، وتیشی:"ئێمە پشتیوانیتان ناکەین، لەنزیکترین کاتیشدا چەند گۆڕانکاریەک دەکرێت".

لەمیانی وتاری دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن و لێدانی یەکەم زەنگی ئەوساڵە لەقەزای مەخمور، پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی حکومەتی ھەرێم پەیامێکی ئاراستەی مامۆستایان کردو وتی:"ئەو شەش ملیار دینارەی تەرخانکراوە، ئەرکی مامۆستایان سوک ناکات و لەئاست تواناکانی مامۆستایاندا نییە".

ئەوەشی ڕونکردەوە، ئەو بڕە پارەیەی تەرخانکراوە کاتییەو لەھەر گۆڕانکاریەکدا ئەو پارەیە نامێنێت و دەستکاریی موچەکانیان دەکرێت.

لەبارەی بایکۆت و مانگرتنی مامۆستایانیشەوە وەزیری پەروەردە وتی:"ئێمە لەگەڵتانین، بەڵام لەگەڵ بایکۆتی خوێندن و پەروەردە نین و پشتیوانیشتان ناکەین".

دڵنیایی ئەوەشی بەمامۆستایاندا، لەنزیکترینکاتدا چەند گۆڕانکاریەک دەکرێت، لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیرانیش لەکاردا دەبین.

پەیامەکەی وەزیری پەروەردە لەکاتێکدایە، حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاریداوە بەناو ھاندانی ھاتوچۆوە، بڕی شەش ملیار دینار بۆ مامۆستایانی سەرتاسەری ھەرێم تەرخان بکات لەدەرەوەی موچەکانیان، بەڵام مامۆستایانی سنوری پارێزگاکانی ھەڵەبجەو سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەڕین ڕەتیانکردۆتەوە، ھاوکات یەکێتیی مامۆستایانیش ئەو پارەیەی ڕەتکردۆتەوە.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085