بەھۆی قەیرانی دارایی و کەڵەکەبوونی قەرزەکانی سەری، بانکێک لەشاری سلێمانی ٧٠%ی کارمەندو فەرمانبەرەکانی ڕەوانەی ماڵەوە دەکاتەوەو بەگوێرەی زانیارییەکانیش، ئەو بانکە نزیکەی ٣٠٠ ملیۆن دۆلار قەرزارەو لەبەرامبەریشدا نزیکەی ٥٠ ملیۆن دۆلار قەرزی لەلای بازرگانانە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی سەرچاوەکانی هەواڵ بڵاویانکردۆتەوە. بانکی شیمال/ لقی سلێمانی، دووچاری قەیرانێکی گەروەی دارایی بووەتەوەو بەو ھۆیەشەوە بڕیاریداوە دەستبەرداری ٧٠%ی کارمەندەکانی ببێت و سبەینێ ١٧ی کانونی دووەم، رەوانەی ماڵەوەیان دەکاتەوە.
ھەر بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو لقەی بانکی شیمال پێشتر کارمەندەکانی لەو بڕیارەی ئاگادارکردووەتەوەو پێی راگەیاندوون کە چیتر ناتوانێت موچەکانیان دابین بکات.
ئەوەش بڵاوکراوەتەوە کە لقی سلێمانی بانکی شیمال نزیکەی ٣٠٠ ملیۆن دۆلار قەرزارەو لە بەرامبەریشدا ٥٠ ملیۆن دۆلاری لەلای بازرگانانە، بەھۆی قەیرانی دارایی ھەرێمیشەوە، ھیچ بازرگانێک ئامادە نییە لەئێستادا قەرزەکانی بداتەوە.
ژمارەیەک لەو بازرگانانەشی پێشتر پارەیان لەو بانکە داناوە، بەنیازن بۆ وەرگرتنەوەی پارەکانیان، سکاڵای یاسایی لەسەر خاوەنەکەی تۆمار بکەن.
