نوێترین

recent

17/01/2016

ئایا لە کوردستان شۆڕشی جەماوەری بەرپا دەکرێ؟ کێ هاندەری دەبێت؟

یەکێک لە ئەگەرە چاوەڕوانکراوەکان هەڵچوونی گرژییەکانی ئەم قەیرانە سیاسی‌و ئابورییەی کوردستانە، بەشێوەیەک کە لە دوا قۆناغیدا نارەزایەتییەکان بگەنە خاڵی بەرپاکردنی خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری‌و دواتریش شۆڕشێکی جەماوەری.
ئێشتا لە سۆشیال مێدیا، گەنجان‌و لاوان لە نێوان یەکتریدا باس لە شکاندنی بێدەنگییەکان دەکەن، باس لەو بێزارییانە دەکەن کە رووبەرووی ژیانیان بۆتەوە، بۆ ئەمەش سیستەمی سیاسی ئێستای کوردستان بە هۆکار دەزانن، بۆیە لە نێوان خۆیاندا باس لە قۆناغی دوای نەمانی داعش دەکەن کە دەربڕینی ئەو بێزانرییانەیە لە چوارچێوەی خۆپیشاندانی سەرتاسەری.
پێش دامەزراندنی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێم، بزوتنەوەی گۆڕان لە پشت جوڵاندنی شەقام بوو، بەشێوەیەک کە راگەیاندنەکانیان خستبووە خزمەت ئاشکراکردنی نهێنییەکانی حکومەت‌و حزبە دەسەڵاتدارەکان، تەنانەت گۆڕان هەڕەشەی راپەڕینی جەماوەری دەکرد، بەڵام دوای ئەوەی بووە هاوبەشێک‌و شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بە دەسەڵات گۆڕییەوە، ئیتر ئەو بزوتنەوەیە رەواجی جوڵاندنی شەقامی تا ئەندازەیەکی زۆر لە دەستدا، بەڵام لە هەمان کاتیشدا بێزارییەکان هەر لە شوێنی خۆیان چەقیان بەست بێ ئەوەی هیچ کرانەوەیەک بۆ ئەو دەنگە بێزارانە بێتە پێشەوە.
ئێستا بەهۆی ئەو قەیرانانەی کوردستان، بە تایبەتیش نەبوونی موچەو دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە قەیرانی درایی‌و نەبوونی ئاسۆیەکی روون بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە، هەروەک بەهۆی ئەوەی پارتە دەسەڵاتەدارەکانی کوردستان نەیانتوانیووە چارەسەرێک بۆ گرفتەکانی ئێستا پیشکەش بکەن‌و زیاتر کێشەکان لەسەر پاکتاوکردنی سیاسیانەی یەکتری وەستاوەتەوە، بۆیە لە هەر کارتێک زیاتر ئەگەر تەقینەوەی ئەو بێزارییانە لە ئارادایە، بەڵام بەهۆی ئەوەی شەڕی داعش یەخی کوردستانی گرتووە، بۆیە کاتی دەربڕینی ئەو بێزارییانە کەتۆتە دوای قۆناغی نەمانی داعش.
پێشمەرگە یەکێکە لەو هێزە ماگنێتئامێزانەی کە پێگەو متمانەیەکی جەماوەری گەورەی بەدەستهێناوە، بۆیە پێشمەرگە دەتوانێ رۆڵی خۆی لە دامرکاندنەوەی هەر بارگرژییەکی ناوخۆیی بەدەست بێنێ بێ ئەوەی هێز بەکار بێنێ، بە تایبەتیش ئەگەر وەک هێزێکی بێلایەن‌ لە نێوان جەماوەرو دەسەڵات خۆی نواند.
هەرچۆنێک بێت، بەپێی هەندێ زانیاری ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئێستا بێزارییەکان گەیشتوونەتە ئاستی تەقینەوە بەڵام چاوەڕێی نەمانی شەڕی داعش دەکەن، پرسیاریش لێرەدا ئەوەیە ئایا گۆڕان بەشێک دەبێت لەو چاوەڕوانیانەی جەماوەرو ئایا دەیەوێ لەو رێگەیە پێگەی جارانی جەماوەری خۆی وەرگرێتەوە یاخود جارێکی تر دەچێتەوە ناو هاوکێشەکانی هاوبەشبوون لەگەڵ یەکێتی‌و پارتی‌و ئایا یەکێتی‌و پارتی ئیتر دەرگاکانییان بەڕووی کرانەوەو گۆڕاندا دادەخەن یاخود هەوڵ دەدەن لەرێی نەرمنواندنەوە لەو قەیرانە دەربازیان بێت بە هاوبەشی گۆڕان‌و لایەنەکانی دیکەشەو؟
بەڵام سەرەڕای یەکلاییبوونەوەی قەیرانەکان بەشێوەیەکی ئاشتیانەی لەنێوان لایەنەکان، هێشتا باڵکێشانی قەیرانی ئابوری‌و نەبوونی موچە ترسێکی چاوەڕوانکراوە، بۆیە حکومەت هەقە بەر لەهەر شتێک هۆکارەکانی هەر سەرهەڵدانێک لەناو ببات‌و بەزووترین کات‌و بەهەر رێگایەک بێت چارەسەرێک بۆ قەیرانی موچە بدۆزێتەوە.
نیشان پرێس
Picsart-24-02-23-21-31-09-085