نوێترین

recent

18/01/2016

سلێمانی ٢٠٠ میلیۆن دۆلاری لە لامەرکەزیەتی کارگێڕی‌و دارایی پارێزگاکان بەدەستهێنا

ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران‌و پارێزگاکان بڕیار درا لەمەودوا کار بە سیستەمی لامەرکەزی کارگێڕی‌و دارایی بکرێ. بەپێی زانیارییەکانی نیشان پرێس، یەکێتی نیشتمانی بڕیارێکی چارەنوسسازی دابوو دەربارەی ئەو خواستەی پارێزگای سلێمانی چونکە پارێزگاکە لەبەردەم کۆمەڵێک گرفتی گەورەدا بوو، لەوانەش لەکار کەوتنی سێ پەمپی هەڵدانی ئاو لە کۆی شەش پەمپ لە دەریاچەی دوکانەوە بۆ ناشار، هەروەک تێکچوونی بالانسی دابەشکردنی کارەباو کەڵەکەبوونی خواستەکانی بەشی خزمەتگوزاری شارەوانەییەکان، ئەمانەش وایکردبوو کە شاری سلێمانی بکەوێتە سەر هێڵی هەڕەشەیەکی ترسناکەوە، هەر بۆیە بەپێی زانیارییەکانی نیشان پرێس یەکێتی بڕیاری یەکلاکەرەوەی دابوو بۆ جێبەجێکردنی بەدەستهێنانی لامەرکەزیەت بۆ پارێزگای سلێمانی.
بەپێی هەندێ سەرچاوەی ئاگادار، لەم بڕیارەدا پارێزگای سلێمان زیاتر لە ٢٠٠ میلیۆن دۆلار لە داهاتە ناوخۆییەکان قازانج دەکات کە پێشتر بێ ئەوەی بگەڕێتەوە خەزێنەی پارێزگا یەکسەر بۆ هەولێر بەڕی دەکرا، بەڵام ئێستا ئەو بڕە پارەیە بۆ خودی پارێزگا دەگەڕێتەوەو لە بەشەکانی خزمەتگوزاری شارو شارەوانییەکان بەکار دێتەوە.
بەپێی ئەم دەسەڵاتە، پارێزگاکان دەسەڵاتی دامەزراندن‌و ئەنجامدانی گرێبەستیان دەبێت بێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی هەرێم، هەروەک دەتوانن لە چەوارچێوەی پەرەپێدانی پارێزگاکان زیاتر سوود لەو بڕە پارەیە وەربگرن بۆ گەشەپێدانی وەبەرهێنان‌و سوود وەرگرتن لە داهاتە سنوورییەکان.
ئەم کۆبوونەوەی وەک هەوڵێک لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە خراوەتەڕوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی داراییی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و گرتنەبەری ڕێكاری جیا بۆ چۆنییەتی چارەسەركردنی ئەو قەیرانە.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085