
ماڵپەڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکی چاوپێکەوتنی لەگەڵ ژمارەیەک لە ژنە شەڕڤانی یەپەژەدا ئەنجامدا وە بڵاویکردەوەتەوە چەکدارانی داعش لە ژنە شەڕڤانەکان دەترسن.
یەکێک لە فەرماندەکانی یەپەژە، کچێکی تەمەن ٢١ ساڵبوو بەناوی تەلحەدان کە بە سەرچاوەکەی ڕاگەیاندووە " چەکدارانی داعش وا دەزانن لە ژێر ناوی ئیسلامدا شەڕدەکەن و بڕوایان وایە ئەگەر بەدەستی کچێک بکوژرێن ناچنە بەهەشت "سەرچاوەکە ڕایگەیاند هێزەکانی یەپەژە سێ ساڵ لەمەوپێش پێکهێندراوە و باڵێکی هێزی یەپەگەن لە ڕۆژئاوای کوردستان .
هێزی یەپەژە لە ئەمساڵدا بە ١٠ هەزار خۆبەخشەوە ڕۆڵی سەرەکیان هەبوو لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری کۆبانێدا.
ماڵپەڕی زە ئیندپێندەنتی بەریتانیش بڵاویکردەوە ژنە شەڕڤانەکانی هێزی یەپەژە ڕووبەڕووی چارەنوسێکی ڕەشدەبنەوە و دەزانن ئەگەر چەکدارانی داعش لەتوانایاندابێت کۆمەڵکوژیان دەکەن.
شەڕڤانێکی دیکە بەناوی نوجەران، بە ماڵپەڕەکەی ڕاگەیاندووە" سەیری شەنگالکەن کە چۆن چەکدارانی داعش دەستدرێژیانکردە سەر ژنەکان و پیاوەکانیان کۆمەڵکوژکرد ، کەواتە یەکەم ئەرکمان پاراستنی خۆمانە لە پاشاندا خێزانەکانمان ".
هێزی یەپەژە هێزێکی کاریگەری ڕۆژئاوای کوردستانە و شان بەشانی پیاوان لە شەڕەکاندا بەشداریان کردووە و چەندین شەهیدیان داوە.