
بەگوێرەی پڕۆژەیەکی نوێ لەپەرلەمان، خواردنەوە کھولیەکان بەمادەی ھۆشبەر لەقەڵەمدراوە، پەرلەمانتارێکیش ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر پەسەند بکرێت، ئەوان کڕین و فرۆشتن و ھەر جۆرە مامەڵەیەک، سزای قورسی بەدواوە دەبێت، لەئێستاشدا چاوەڕوانی وەزارەتی تەندروستی دەکەن بۆ ئەو بابەتە.
د.ئەمین بەکر ئەندامی لیژنەی یاسایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشکرایکرد، پڕۆژەیاسایەک لەلیژنەی یاسایی گفتوگۆی لەسەرکراوە بەناوی مادە ھۆشبەرەکان و کاریگەری لەسەر مێشکی مرۆڤ، لەبنەڕەتیشدا پەیوەندی بەمادە ھۆشبەرەکانەوە ھەیە، "بەڵام خواردنەوە کھولییەکانیشی بۆ زیادکراوە".
سەبارەت بەبۆچونی پەرلەمانتاران لەسەر ئەو پرسە، د. ئەمین بەکر وتی:"لەئەنجامی گفتوگۆکاندا ئەو دەنگانەی داوایان دەکرد مادە کھولییەکانیش بخرێتە چوارچێوەی مادە ھۆشبەرەکانەوە زیاتربوون لەو دەنگانەی پێچەوانە بوون و پێیانوابوو، خواردنەوە کھولییەکان جیاوازن لەمادە ھۆشبەرەکان".
وتیشی:"بۆیە بەو دەنگانەی ئەوان، پڕۆژەکە بەو شێوەیە پەسەندکرا خواردنەوە کھولییەکان بەمادەی ھۆشبەر ھەژمار بکرێت".
ئەو پەرلەمانتارە کوردە لەبەغدا ئەوەشی نەشاردەوە، بەھۆی ئەوەی خەڵکانێکی زۆر ئالودەی خواردنەوە کھولییەکانە، ڕەنگە قەدەغەکردنی تاوانی گەورەی بەدواوەبێت، "چونکە ئەوکاتە بەنھێنی پەنا بۆ ئەو مادانە دەبرێت".
د. ئەمین باسی پێشنیازێکی خۆی کرد بۆ ئەو مەبەستەو وتی:"داوامکرد چاوەڕوانی ڕاپۆرتی پزیشکی وەزارەتی تەندروستی عیراق بکەین بۆ ئەوەی بیسلەمێنێت کەخواردنەوە کھولییەکان دەچنە چوارچێوەی مادە ھۆشبەرەکانەوە یاخود نا، ئەوکاتە بڕیار لەسەر پڕۆژەیاساکە بدەین، ئێستاش بابەتەکە بەمشێوەیە بەجێھێڵدراوە".
سەبارەت بەوەش ئەگەرھات و بەمادەی ھۆشبەر لەقەڵەمدرا ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە یان نا، د. ئەمین وتی:"ئەو یاسایە مەرکەزی دەبێت، بەڵام ھەرێمی کوردستانیش دەتوانێت لەو بوارەدا یاسایەکی سەربەخۆی تایبەت بەخۆی ھەبێت و پابەندی یاساکەی بەغدا نەبێت".
ئەو پەرلەمانتارە کوردە لەبەغد ئەوەشی وت:"بەو شێوەیەی کەئێستا ھەیەو لەناو پڕۆژەیاساکەدا پەسەندکراوە، تەنانەت کڕین و فرۆشتن و ھەموو جۆرە مامەڵەیەک بەخواردنەوە کھولییەکان و مادە ھۆشبەرەکانیش قەدەغە دەکرێت".