
دوای ئەوەی باژێروانی سلێمانی مەکۆی گۆڕان ڕایگەیاند، ڕێکەوتنی دەباشان کراوەتە بنەما بۆ ڕێکەوتن و کارکردن لەگەڵ یەکێتی، لێپرسراوی مەڵبەندی یەکی ڕێکخستنی سلێمانی یەکێتیش لەپەیامێکدا، داوای بەپەلە یەکگرتنەوەی یەکێتی و گۆڕان دەکات، دەشڵێت:"بەیەکگرتنەوەی یەکێتی و گۆڕان، دەرگایەکی نوێ لەسەر پرۆسەی سیاسی دەکرێتەوەو کێشەکانیش چارەسەردەبن".
لەتیف شێخ عومەر لێپرسراوی مەڵبەندی یەکی ڕێکخستنی سلێمانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئاماژەی بەپەیوەندیەکانی یەکێتی لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کردو وتی:"یەکێتی پەیوەندیی لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان زۆرباشە".
لێپرسراوی مەڵبەندی ڕێکخستنی یەکی سلێمانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێیوایە، بۆ دەربازبوونی کوردستان لەم دۆخە چەقبەستوویەی تێیکەوتووە، "پێویستە ھەرچی زووە یەکێتی و گۆڕان یەکبگرنەوە، من بۆخۆشم زۆر پشتیوانی ئەو ڕێگەچارەیە دەکەم".
لەتیف شێخ عومەر بۆچونیشی وایە، یەکگرتنەوەی گۆڕان و یەکێتی، دەرگایەکی نوێ لەسەر پرۆسەی سیاسیی ھەرێمی کوردستان دەکاتەوەو ھاوڵاتیانی کوردستانیش لەقەیرانەکان ڕزگاردەکات.
ھەر سەبارەت بەیەکگرتنەوەی یەکێتی و گۆڕان، بەرپرسەکەی یەکێتی لەسلێمانی وتی:"ئەگەر ئەو دوو ھێزە یەکبگرنەوە، نەخشەی سیاسی بەجۆرێکی دیکە دادەڕێژرێتەوە".
لەبارەی ئەگەری ڕێکەوتنی یەکێتی و گۆڕان و کاریگەریەکی لەسەر پارتی، لەتیف شێخ عومەر دەڵێت:"ئەوکات ڕێکەوتنمان لەگەڵ پارتی لەسەر کۆی پرسەکان ئاسانتر دەکات، بۆیە بەبۆچوونی من باشترین کاتە بۆ یەکگرتنەوەی یەکێتی و گۆڕان لەپرۆسەیەکی ھاوسەنگدا کە بتوانرێت بەپەلە بەسەر سەرجەم کێشە ھەڵپەسێدراوەکاندا زاڵبین".
ڕۆژێک پێش ئێستاش، ئاسۆ مەحمود باژێروانی سلێمانی مەکۆی گۆڕان بە تۆری هەواڵی سلێمانی ڕایگەیاندبوو، لێکتێگەیشتنی دەباشان کە پەیوەندیی ھەیە بەسیستمی حوکمڕانی و ھەڵبژاردنی سەرۆک لەناو پەرلەمانەوە، کراوەتە بنەما بۆ ئەو ڕێکەوتنە فراوانە کە لەئێستادا لەنێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانیدا گفتوگۆی لەسەردەکرێت.