
قائیمقامی چەمچەماڵ داوای بەهاناوەچوونی پێشمەرگەیەكی برینداری شەڕی دژی داعش دەكات، كە (٨٣) پارچەی بەركەوتوو و دەڵێت"لە وڵاتی ئێران نەشتەرگەری بۆكراوە و (١٥) هەزار دۆلاری تێچووە و ئێستا كرێی خانووی (٥) مانگ قەرزارە".
ئامانج محەمەد كەساس قائیمقامی چەمچەماڵ لە پۆستێكدا بە ناونیشانی (ویژدان لە كوێی؟ مەراق كوشتینی!) لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی نووسیویەتی ڕایگەیاندووە" ویژدان ئاخۆ ئەم جارەیان لە مێشكی چ خاوەن نفووز و سەرمایەیەكدا خۆت مەڵاس دابێ!؟ وەرە دەرەوە و لەگەڵما بە با بچین بەهانای مەریوانەوە.
مەریوان پێشمەرگەیەكی قارەمانی چەمچەماڵە، كە لە شەڕی دژی داعشدا بریندار بوە، (٨٣) پارچەی بەركەوتوە و چاوی لەدەسداوە و تا ئێستا دوو جار لەوڵاتی ئێران نەشتەرگەری بۆكراوە، بەڵام لەسەر حسابی خۆی و نزیكەكانی، كە بە كۆمەك بۆی كراوە بڕی (١٥) هەزار دۆلاری تێچووە.
قائیمقامی چەمچەماڵ دەڵێت "وەزارەتی پێشمەرگەش هیچی بۆ نەكردووە".
دەشڵێت"لەهەمووی كەسەرتر ئەوەیە ناوبراو خێزاندارە و كرێچیە و پارەی (٥) مانگ كرێی نەداوە، بەڵام خاوەن خانوە بە ویژدانەكەشی! كە چوار خانووی تری هەیە! ئەمڕۆ لەماڵی مەریوانەوە تەلەفۆنم بۆ كرد و پێم وت، كە هاوكاری بكات و بەندە قەرزەكانی بۆ ئەداتەوە، بەڵام وتی قوربان منیش موحتاجم! خۆم ڕۆ!".
قائیمقامی چەمچەماڵ داوادەكات كێ ویژدانی مرۆیی ئەجووڵێ دەستی ماچ ئەكەم و خزمەتی دەكەم تاكو پێكەوە خزمەتی مەریوان بكەین بۆ ئەوەی هیچ نەبێ قەرزەكانی باتەوە، چونكە خۆم بە تەنها ناتوانم.