نوێترین

recent

09/12/2015

نەخشەی ئایندەی رۆژئاوای كوردستان دادەڕێژرێتەوە

بە دروشمی لە پێناو بنیاتنانی سوریایەكی ئازاد و دیموكراتیك كۆنگرەی سوریای دیموكراتیك بە بەشداری 103 نوێنەری هێزی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە شاری دێركی رۆژئاوای كوردستان دوێنێ دەستی پێ كرد، لەبارەی ئەو كۆنگرەیەوە بەرپرسێكی كوردی رۆژئاوا، دەڵێت:"لەو كۆنگرەیەدا نەخشەی ئایندەی رۆژئاواو سوریا رەنگرێژ دەكرێت و چۆنێتی بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكان قسەی لەبارەوە دەكرێت".

فەتحوڵا حسێنی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی چەپی كورد لە سوریا ئاشكرایكرد:" هەموو پێكهاتەكانی رۆژئاوای كوردستان بەشداری لەو كۆنگرەیەدا دەكەن، بۆ دانانی بەرنامەو پلانی ئایندەی رۆژئاوای كوردستان لەنێوان هەموو پێكهاتەكاندا".

وتیشی:" لەو گۆنگرەیەدا گفتوگۆ لەبارەی چۆنێتی رووبەڕووبوونەوەی ئەو دەستێوەردانانە دەكرێت، كە لەلایەن هەندێك وڵاتەوە هەوڵی بۆ دەدەن وەك توركیا و قەتەر و سعودیە ".

لەبارەی بەشداریكردنی لایەنەكانی دیكە بەتایبەت ئەنەكەسە لەو كۆنگرەیەدا فەتحوڵا حسێنی رایگەیاند، ئەو كۆنگرەیە تایبەتە بە رۆژئاوای كوردستان، ئەو پارتانەش لەوێ‌ بوونیان نییە تا بەشداری بكەن، لەبەر ئەوە بانگهێشت نەكراون.

لەبارەی گرنگی ئەو كۆنگرەیەوە نیاز حەمید چاودێری سیاسی لە تۆری كۆمەڵایەتی فەیسبوك رایگەیاندووە، ئەم كۆنگرەیە ، گرنگی یەكجار زۆری هەیە ، دەبێتە ناوكی پرۆژەی چارەسەری بۆ سوریا ، هەنگاوی گرنگی بەدواوە دێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەم كۆنگرەیە لە سەر خاكی رۆژئاوای كوردستان لە ناو دەوڵەتی سوریا دەبەسترێت‌و هەموو رەنگ و دەنگە جیاجیاكانیش بەشدارن .
Picsart-24-02-23-21-31-09-085