نوێترین

recent

09/12/2015

گۆڕان بەفەرمی هەوڵەكانی بۆ تۆماركردنی سكاڵای یاسایی لەسەر بارزانی راگەیاند.

بزووتنەوەی گۆڕان لەڕاوێژدایە سەبارەت بەكۆكردنەوەی بەڵگەی زیاتر بۆ تۆماركردنی سكاڵای یاسایی لەسەر مەسعود بارزانی، پەرلەمانتارێكی ئەو بزووتنەوەیەش رایدەگەیەنێت: ئەو بەڵگانەی لەدژی سەرۆكی پارتی ئامادەیان كردووەو "ئەگەر یاسا سەروەر بێت، مۆڵەتی حیزبایەتی لەپارتی وەردەگیرێتەوە".



بەھار مەحمود جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان، وەك شارەزایەكی یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان هەوڵەكانی بزووتنەوەكەی بۆ تۆماركردنی سكاڵا لەسەر بارزانی راگەیاندو وتیشی: ئەوەی دەبێت سكاڵای لەسەر تۆماربكرێت، نەوشیروان مستەفا نییە، بەڵكو خودی مەسعود بارزانییە، چونكە "نەوشیروان مستەفا لەھیچ دۆسیەیەكی خیانەت‌و گەندەڵی تێوەنەگلاوە".

بەهار مەحمود، ئەمڕۆ چوار شەممە لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانی، لەبارەی بوونی بەڵگەی پێویستیش بۆ دادگاییكردنی سەرۆكی پارتی، وتی: بەڵگە ھەیەو دەتوانین بەتۆمەتی "خواردنی موڵك‌و ماڵی خەڵك، خیانەتی نیشتمانیی، خراپ بەكارهێنانی پێگەو دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی حیزبی‌و شەخسی، شەڕی ناوخۆ، ھێنانی لەشكری توركیا، ناشەفافییەتی نەوت، كودەتاكردن بەسەر سەرۆكی پەرلەمان، مانەوەی بارزانی بەشێوەیەكی ناشەرعی لەپۆستی سەرۆكی ھەرێم‌و بەكارھێنانی دەزگا ئەمنییەكان بۆ سیخوڕیكردن لەپێناو بەرژەوەندی حیزبی، سكاڵای یاسایی لەسەر مەسعود بارزانی تۆمار بكەین".

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان، بەگوێرەی دەستوورو یاسای حیزبەكان، سیخوڕیكردن دەبێتە ھۆی وەرگرتنەوەی مۆڵەتی حیزبایەتی لەو حیزبەی، كە بەو كارە ھەڵدەستێت، راشیدەگەیەنێت: دەسەڵاتی دادوەریی سەربەخۆ نییەو دادوەرەكانیش لەلایەن سەرۆكایەتی ھەرێمەوە دامەزراون، ئەگەر دادگا سەربەخۆ بێت، "لەسەر ئەو تۆمەتانە لێكۆڵینەوەی جدی لەبارزانی دەكرێت".

بەھار مەحمود لەبارەی وادەی پێشكەشكردنی سكاڵاكەشیان، ئاماژەی بەوەدا كە لەگفتوگۆدان بۆ ئەوەی بەپشتبەستن بەو تۆمەتانە سكاڵا تۆماربكەن، بەڵام كاتەكەیان تا ئێستا دیاری نەكردووە.

سەبارەت بەشوێنی تۆماركردنی سكاڵاكەش لەدژی بارزانی، ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ڕایگەیاند: لەڕووی یاساییەوە دەتوانرێت لەھەر شوێنێك گونجاو بێت سكاڵا تۆماربكرێت، بەڵام باشترە لەھەولێر بێت، ئەگەر لەو شارەش نەبێت، ھیچ گرفتێك نییەو لەسلێمانی تۆماری دەكەین، بەڵام ئەگەر بزانین ناگاتە ئەنجام، پەنا دەبەینە بەر دادگاكانی دەرەوەی وڵات.

ئەمە لەكاتێ:دایە هەفتەی رابردوو میدیاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان رایانگەیاند، حیزبەكەیان سكاڵای یاسایی لەسەر نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان تۆماردەكات، ئەوەش بەتۆمەتی "هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی".
Picsart-24-02-23-21-31-09-085