نوێترین

recent

09/12/2015

نەوشیروان مستەفا پەیوەندی‌ بەچەند سەركردەیەكی‌ یەكێتییەوە دەكات

نەوشیروان مستەفا رێكخەری‌ گشتی‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان لەماوەی‌ رۆژانی‌ رابردوودا لەڕێی‌ تەلەفۆنەوە پەیوەندی‌ بەچەند سەركردەیەكی‌ یەكێتی نیشتیمانی‌ كوردستانەوە كردووە.

بەپێی‌ ئەو زانیارییانەی‌ كە شارپرێس بڵاوی كردۆتەوە، نەوشیروان مستەفا چەند رۆژێكی‌ جیاواز بەتەلەفۆن قسەی‌ لەگەڵ ژمارەیەك لەئەندامانی‌ مەكتەبی‌ سیاسی‌ یەكێتی‌‌و سەركردەكانی‌ ئەو حیزبە كردووەو سەرجەمی‌ گفتوگۆكانیش لەبارەی‌ ئایندەی‌ یەكێتییەوە بووە.

یەكێك لەو سەركردانەی‌ یەكێتی،‌ كە خۆی‌ بەتەلەفۆن قسەی‌ لەگەڵ نەوشیروان مستەفادا كردووە، ڕایدەگەیەنێت "نەوشیروان مستەفا داوای‌ كردووە، كە یەكڕیزی‌ ناو یەكێتی‌ بپارێزن".

ئەو سەركردایە، كە داوایكرد ناوی‌ بڵاونەكرێتەوە، راشیگەیاند "كاك نەوشیروان لەهەموو ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنیانەدا داوای‌ ئەوەی‌ دەكرد سەركردەكانی‌ یەكێتی‌ كێشەكانیان تێبپەڕێنن‌و ناوماڵی‌ یەكێتی‌ رێكبخەنەوە، چونكە گۆڕانكارییەكانی‌ كوردستان‌و ناوچەكە وا دەخوازێت یەكێتی‌ یەكدەنگ‌و یەكگرتوو بێت".

بەوتەی سەركردەیەكەی یەكێتی، نەوشیروان مستەفا بەهیچ جۆرێك باسی‌ پەیوەندییەكانی‌ نێوان یەكێتی‌‌و گۆڕان‌و پەیوەندی‌ هەردوو لایەنی‌ بەپارتییەوە نەكردووە.

ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنیانە لەكاتێكدایە، كە بەوتەی سەركردەكانی گۆڕان ئێستا نەوشیروان مستەفا لەدەرەوەی وڵاتە، ئەوەش بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085