
ئەمشەو مەسعود بارزانی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا كۆبۆوەو تیایدا بارودۆخی ناوچەكەو پەیوەندی هەرێمو توركیا تاوتوێ كراوە،شەڕی دژی داعش تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە بووە، ئەوەش بەپێی میدیاكانی توركیا.
هەر دوای كۆبوونەوەكەی لەگەڵ ئەردۆگان بارزانی لەگەڵ هاكان فیدان سەرۆكی دەزگای میتی توركیا كۆبووەتەوە، بەپێی هەواڵێكی كەناڵی سی ئێن ئێنی تورك كۆبوونەوەكەش دوور لەچاوی میدیاكان بووەو هیچ كەسێك ئامادەی كۆبوونەوەكە نەبووە.
كەناڵەكە ئاماژەی بەوەشكردوە لەدوای كۆبوونەوەی بارزانی فیدان هیچ ئامادە نەبوون ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە ئاشكرا بكەن.
بڕیاریشە هەر ئەمشەو بارزانی لەدرێژەی دیدارەكانیدا چاوی بە ئەحمەد داود ئۆغلۆ سەرۆك وەزیرانی توركیا بكەوێت.
ئەمرۆ مەسعود بارزانی بەسەردانێك گەیشتە ئەنكرەی پایتەختی توركیاو لەلایەن جێگری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە پێشوازیی لێكراوە، ئەو سەردانەش هاوكاتە لەگەڵ رەوانەكردنی هێزێكی سەربازی توركیا بۆ عێراق.