

سۆران عومەر، سەرۆكی لیژنەی مافەكانی مرۆڤ لەپەرلەمانی كوردستان لە راپۆرتەكەیدا ئەوەی بڵاوكردۆتەوە: ناتوانین ئەوە لەیاد بكەین لەئێستادا پرسی مافەكانی مرۆڤ لەڕەوشێكی خراپدایە، هێشتا برینی قوڵی شەڕی ناوخۆ بە دیاریكردنی چارەنووسی بێ سەروشوێنكراوان ساڕێژ نەكراوە، لەكاتێكدا بەشی زۆری بێ سەروشوێنكراوان لەشەڕی ناوخۆو پاش ئەوەش لەژیاندا ماون و لەزیندانە نهێنیەكاندان كەلەچەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان زیندانی نهێنی بوونی هەیە!سەرۆكی لیژنەی مافەكانی مرۆڤ لەپەرلەمانی كوردستان ئەوەشی خستۆتە روو: چەندین یاسا لەخولەكانی پێشووی پەرلەمانی كوردستان دەرچوێندراوە كاری پێناكرێت یان یاسایەكن مەترسیان بۆ مافەكانی مرۆڤ و ئازادی بیروڕا هەیە. .
دەقی راپۆرتەكە:
لەهەرێمی كوردستان پێشێلكاری مەترسیداری مافەكانی مرۆڤ بەردەوامی هەیە
لەیادی ڕۆژی جیهانی مافەكانی مرۆڤ كە بەر لە 67ساڵ نەتەوەیەكگرتووەكان لە 10ی دیسەمبەری ساڵی 1948 جاڕنامەی جیهانی مافەكانی مرۆڤی تێدا ڕاگەیاند، پرسی مافەكانی مرۆڤ ڕەهەندێكی نێودەوڵەتی هەیەو پێوەرێكی گرنگی هەڵسەنگاندنی هەموو سیستمێكی حوكمڕانیە.
پاش ئەو مێژووە كەتێدەپەڕێ بەسەر جاڕنامەی مافەكانی مرۆڤ دا جارێكی دیكە گەلی كوردستان لەپێش چاوی دونیا توشی جینۆسایدێكی دیكە دەبێتەوە بەدەستی تیرۆریستانی داعش، شەهیدو بریندارێكی زۆرمان لەشەڕی تیرۆردا لەپێناو پاراستنی خاك و خەڵكی كوردستاندا هەیە ، نزیك بە (2) ملیۆن ئاوارە لەهەرێمی كوردستان دەژی، بەداخەوە بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كەوەك پێویست ئاوڕیان لەخراپی گوزەرانی ئاوارەكان نەداوەتەوە و وەك ئەوەی پێویستە هاوكاری حكومەتی هەرێمیان نەكردووە بۆ داڵدەدانی ئەو ڕیژە زۆرەی ئاوارە، دوو ساڵە حكومەتی عێراقی مافە داراییەكانی خەڵكی كوردستانی بڕیوە، سێ مانگە فەرمانبەران موچەیان پێنەدراوە، خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان یاسای ماف و ئیمتیازاتیان بۆ جێبەجێ ناكرێ و لەدۆخێكی خراپدان،كۆچی گەنجان بۆ دەرەوە ئاماژەیەكی بەرچاوی خراپی دۆخی هەرێمی كوردستانە لەهەموو ڕویەكەوە.
لەناوچە كوردستانیەكانیش بەتایبەت خورماتوو پێشێلكاری گەورە بەرامبەر خەڵكی كورد ئەنجامدراوە بەدەستی حەشدی شەعبی و بۆ ئایندەش ئەو هێزە مەترسین لەوناوچانە.
لەهەرێمی كوردستان ماوەی (24) ساڵە بە (4) خولی پەرلەمانی و (8) كابینەی حكومەت دەستكەوتی زۆر بەرهەمهێنراوە، كاتێك ڕەخنە دەگرین ئەو دەستكەوتانە نادیدە ناگرین بەڵام پاراستنی ئەوەی بەدەستهاتووە بەشی زۆری بەپاراستنی مافەكانی مرۆڤەوە بەندە، ناتوانین ئەوە لەیاد بكەین لەئێستادا پرسی مافەكانی مرۆڤ لەڕەوشێكی خراپدایە، هێشتا برینی قوڵی شەڕی ناوخۆ بە دیاریكردنی چارەنووسی بێ سەروشوێنكراوان ساڕێژ نەكراوە، لەكاتێكدا بەشی زۆری بێ سەروشوێنكراوان لەشەڕی ناوخۆو پاش ئەوەش لەژیاندا ماون و لەزیندانە نهێنیەكاندان كەلەچەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان زیندانی نهێنی بوونی هەیە!
جگە لەوە لەهەرێمی كوردستان سەروەرنەبوونی یاسا پێشێلكاری گەورەی لەپرسی مافەكانی مرۆڤ دا بەرهەمهێناوە، بڕیارەكانی دادگا جێبەجێ ناكرێ، ژمارەی ئەو كەسانەی فەرمانی گرتنیان هەیە ودەستگیرناكرێن ژمارەیان (2) هەزار كەسە، كەژمارەی دەستگیر نەكراوان زۆرترن لەوانەی لەزیندانەكانی چاكسازیدان و سزادراون.
منداڵان و ژنان توندوتیژی بەرامبەریان ڕووی لەزیادبونە، ڕۆژنامەنوسان پێشێلكاری بەرامبەریان بەردەوامە، تا ئێستا ڕفاندن و بێ سەروشوێنكردن درێژەی هەیە! دەیان هاوڵاتی دیكە بەتۆمەتی تیرۆرو تۆمەتی دیكە ڕفێنراون و چارەنوسیشیان بۆ خانەوادەكانیان ئاشكرا ناكەن، ڕەوانەی دادگایان ناكەن، پارێزەریان نیە! شوێنی دەستگیركردنیان شیاوی بەندكراو نیە، ئەشكەنجەدان لەهەموو قۆناغەكانی گرتن و ڕفاندن و لێكۆڵینەوە بونی هەیە، كەسانێك لەسەر تیرۆر دەستگیركراون بەڵام 12ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دەستگیركردنیاندا بەڵام نابرێنە دادگاو دادگایی ناكرێن! تۆمەتی ناڕەوا دەكرێتە پاساوی گرتنی كەسانێك كە سزای سیاسی دراون، نانبڕاو كرد بەردەوامە، ئەشكەنجەدان و ڕفاندنی چالاكوانان و ڕۆژنامەنوسان بوونی هەیە،كەسانێكی دیكە لەلایەن دادگاوە ئازادكراون بەڵام دەزگای ئاسایش ئازادیان ناكات.
چەندین یاسا لەخولەكانی پێشووی پەرلەمانی كوردستان دەرچوێندراوە كاری پێناكرێت یان یاسایەكن مەترسیان بۆ مافەكانی مرۆڤ و ئازادی بیروڕا هەیە.
بۆ وێنە یاسای ژمارە (11)ی ساڵی (2013) كەیاسای مافی دەستكەوتنی زانیاریەو یاسایەكی گرنگە بۆ ئازادی كاری میدیایی و دەستخستنی زانیاری و شەفافیەت، بەڵام ئەوە (3) ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دەرچوونی ئەو یاسایەدا هێشتا نەخراوەتە بواری جێبەجێكردن، هۆكارەكەشی ئەوەیە لەو ماوە زۆرەدا دەستەی مافەكانی مرۆڤ چاوەڕێی كاتێكە سەرۆكی حكومەت دیاری بكات بۆ ئەوەی دەستەی مافەكانی مرۆڤ ڕێنماییە ئامادەكراوەكانی جێبەجێكردنی یاساكە بباتە ئەنجومەنی وەزیران و پەسەند بكرێت بۆ ئەوەی یاساكە بچێتە بواری جێبەجێ كردن! بەڵام ئەوە 3 ساڵە ئەو كاتە دیاری نەكراوە!!
لەلایەكی دیكەوە یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر كەبەیاسای ژمارە (13)ی ساڵی 2006 ناسراوە لەماددەی (سیانزەهەم)ی یاساكەدا ئەشكەنجەدان بۆ تاوانبار بەو یاسایە لەكاتێكدا بەڵگەی لەسەرە ڕێگەی پێدراوە، ئەمەش كارێكە تەواو پێچەوانەی جاڕنامەی مافەكانی مرۆڤەو UNAMI لەسەر ئەو پرسە نیگەرانی خۆی گەیاندۆتە پەرلەمانی كوردستان!
كێشەیەكی دیكەی یاسایی هەیە لەیاسای ئەنجومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایش دا، ئەمەش مانای نادیدەگرتنی ماندوبون و ڕەنجی هێزەكانی ئاسایش نیە كەبەشی گەورەی پاراستنی ئاسایش و ئارام هەرێم كاروماندوبونی ئەوانە، بەڵام لەناوەندە نێودەوڵەتیەكان ئەم پرسەمان ڕوبەڕووكراوەتەوەو كاریشی لەسەر كراوە بۆیە ئاماژەی پێدەكەم:
ئەنجومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان بەپێی یاساكانی ژمارە (4 و5)ی ساڵی 2011 كار دەكەن كە ئەنجومەنی ئاسایش لەماددەی سێیەمی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2011ی یاسای ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دا ئامانج و ئەركەكانی ئەو ئەنجومەنە دیاریكراوە لە (18) خاڵ دا، هەروەها لەتەواوی ئەو یاسایەدا هیچ بەندو مادەیەك نیە مافی بەو ئەنجومەنە دابێت لێكۆڵینەوە ئەنجام بدات و زیندانی بكات تاكو سزا وەردەگرێ!
هەروەك چۆن دەزگای ئاسایش لەئەركەكانیاندا پاراستنی ئاسایشی هەر سێ سەرۆكایەتیە بە پەرلەمانتارانەوە لەئەستۆی ئەوانە بەڵام لەبازگەیەكیان ڕێگری لەسەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەكەن و پەرلەمان پەك دەخەن.
بەهەمان شێوە لەیاسای ژمارە (5)ی ساڵی 2011ی یاسای دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان دا لەماددەی (سێیەم)دا ئەركی ئەو دەزگایە بە (15) خاڵ دیاریكراوە، لەو ماددەو تەواوی مادەكانی دیكەی یاساكەدا هیچ مادەو بڕگەیەك نیە مافی لێكۆڵینەوە زیندانی كردنی تۆمەتبارو هەبوونی زیندانی پێ بەخشی بن!
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم دوو دەزگای هەیە بەناوەكانی (پاراستن و زانیاری) ئەم دوو دەزگایە هیچ یاساو ڕێسایەك نیە پێناسەی كردبن و شەرعیەتی كاركردنی پێدابن لەكاتێكدا بەشێكی زۆری گرتن و ڕفاندن لەلایەن ئەمانەوە ئەنجام دەدرێ و زیندانیشیان هەیە، لێكۆڵینەوەو گرتنەكانیان هیچ بنەمایەكی یاسایی نیە، تەنانەت پەرلەمانی كوردستانیش نازانێ ئەم دوو دەزگایە چین و لەكوێن و بەپێی چی یاسایەك كاردەكەن و لەژێر چاودێری و فەرمانی كێدان؟
بۆیە كاتێك لەلایەن ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكانەوە یاساكانی هەرێمی كوردستان دیراسە دەكرێن ئەو پرسیارەیان لا دروست دەبێ كە ئەم دەزگایانە بەچی یاساو شەرعیەتێك ئەو كارانە ئەنجام دەدەن، لەكاتێكدا یاسای ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم كۆپی یاسای دەزگای ئاسایشی هەرێمە و لەئەركەكانیشدا هاوبەش و وەك یەكن، تەنها هێندەیە ئەنجومەنی ئاسایش لەمادەی دووەم بڕگەی یەكەم دا نوسراوە ئەنجومەنی ئاسایش لەم دەزگایانە پێكدێ: 1- دەزگای ئاسایشی هەرێم. 2- بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەواڵگری پێشمەرگە. 3- ئاژانسی پاراستن و زانیاری.
لەماوەی 2 ساڵی كاركردنیشم وەك سەرۆكی لیژنەی مافەكانی مرۆڤ كێشەی گەورەمان پێشێلكاریە بەردەوامەكانی دەزگای ئەمنی و بەدەمەوە نەهاتنیان بووە بۆ لیژنەكەمان، جگە لەوەی جیاوازی زۆر هەیە لەنێوان مامەڵەو مومارەسەی كارەكانی دەزگای ئاسایش لە سلێمانی لەگەڵ هەولێرو دهۆك، ئەوەش بەڕوونی بەدیار دەكەوێ.
بەكورتی ئەم دۆخەی ئێستای هەرێمی كوردستان پاشەكشەی گەورەی تێدایە لەپرسی مافەكانی مرۆڤ ، كەناوو ناوبانگی هەرێم و قوربانیدانەكەی دەخاتە ژێر پرسیاری گەورەوە، خەمخۆری بۆ خاك و خەڵكی كوردستان ڕاگرتنی پێشێلكاریەكان و ڕێزگرتنە لەمافەكانی مرۆڤ.
سۆران عومەر
سەرۆكی لیژنەی مافەكانی مرۆڤ لەپەرلەمانی كوردستان
10/12/2015