

لەگەڵ ئەم وتەیەی ماو تستنگ کە ئە ڵێ سیاسەتیش ھەر شەرەبەلام بێ بە کار ھێنانی چەک ، من ئەڵێم
شەڕ ھەمیشە توندترین و تیژترین ئامرازەکانی سیاسەتە بۆ ئەو کاتانە بەکاردێت کە تێگەیشتن و گفتوگۆ و سازان ئەنجامی نابێت وە بە کارھێنانی چەک وە چۆنیەتی و چەندایەتی بەکار ھێنانی وەک کەرەسەی شەر تەکنیک و ھونەری سیاسەتە . بۆ بێ ھێزەکان سازان و گفتوگۆی بەردەوام ئامرازە لە سیاسەت بەڵام بەھێزەکان لەسێبەری شمشێری دەستیان سیاسەت دەکەن ،وە ھەرکات سیاسەت کردن کەوتە ژێر سێبەری شمشێری بەھێزەکان ئەوا مانا، ئامراز وە ھونەری سیاسەت کردن کورت دەبێتەوە بۆ گوێ رایەڵی و فەرمان بەری بۆ ھێزە شمشێر بەدەستەکان تا ئەگاتە ئاستی دەست بەرز کردنەوە. ھێز لە ھەمو بوارەکانی سیاسەت کردندا وە پانتایی شەڕو کەرەستەکانی بەکارھاتوو لە شەڕا ھەر لە تیروکەوانەوە بگرە تا دەگاتە شەڕی ناوکی بۆ ئەمڕۆ پەیوەندیەکی راستەوانەی ھەیە لەگەڵ خەون و ئامانجە سیاسیەکان ھەروەھا لەگەڵ پێشکەوتنی رەھەندە کۆمەڵایەتی و ئابوری و ھونەری سیاسە تەکان (بە کارھێنانی کەرەسەکانی شەر ).
مێژووی ھەموو شەڕەکان نیشانی دەدات کە شەڕەکان ھە میشە ئامرازی سیاسەتێک بوون جا دەشێ سیاسەتی ئابوری ، نەتەوەیی ، پاوان خوازی یا بۆ پاراستنی بەرژەوەندی ئابوری بێت. ھەر شەڕێک وەکو رووداو کە روودەدات بۆ خۆی پاشخانێکی مێژویی و ھەیە کە لەکات و شوێنی جیاوازدا بەھۆی جیاوازی سیاسەتەکان و بەرژەوەندیەکان وەکو ئامرازێک ئامادە دەبێت بەکاربێ و روداو دروست بکات .ھەڵبەتە ھەم لەکاتی شەڕدا ھەم لە دوای شەڕدا دیسان سیاسەتەکان ھەم رۆڵ دەبینن لە دیاریکردنی چارەنوسی داھاتوو ھەم لە دروستکردنی سیاسەت و دنیا بینی نوێ کە دوبارە روداوەکانی دوای جەنگەکان چ ناوچەیی یان جیھانی بن بەڵگەن بۆ ئەم دەربرینە. لەکاتی رودانی ھەر شەڕێکدا ناچار دەبین ئاوڕێک لە مێژوو بدەینەوە بۆ ئەوەی بتوانین ڕەگەز وە ریشەی ھۆکارو زەمینە سیاسیەکان ببینین ئەمجار دەتوانین پانتایی، سنور ، و ھەتا روبەری زیان و ئاکامەکانی شەڕ پەی پێ بەرین.
سیاسەت، مێژوو وە شەڕ پەیوەندیەکی جدلی (Dialectic) ی بەردەوامیان لەگەڵ یەکدا ھەیە کە دەتوانرێ لەچوارچێوەی بیری فەلسەفەییدا شڕۆڤەیان بۆ بکرێت. ئەمەش ئەمەمان پێ دەڵێت، ئەگەر سیاسەت لەھەر بوارێکدا بۆ ھەر مەبەستێک بریتی بێت لە بەرنامەدانان و ئیدارەکردنی ھەر کارو شوێنێ(مال، دامەزراوە یان ولات) بۆ بەدەست ھێنانی جوانترین ، باشترین وە مەبەست ترین ئامانج ،وە ھەروەھا کە شەر کاراترین و تیژترین ئامرازی سیاسەت بێت، ئەوا مێژوو سێبەری ئێستاو داھاتووە بۆ سیاسەت ، ژیان و روداوەکان لە سەر ئاستی تاکەکان، میلەتان و ھەتا بۆ دامەزراوەو دەوڵەتان و جیھانیش.
بۆ ئەوەی بزانرێت کەی شەڕ وەک ئامرازێک بەکاردێت یان کەی شەڕ دێتە ئاراوە جا لەسەر ھەر ئاستێک بێت پێویستە بزانین کە سیاسەت جا ھەر سیاسەتێک بێت لە چ شوێنێکدا گەیشتۆتە حاڵی بێ دەرەتان کە لە ئەنجامدا دەبێت پەنا بۆ ئامرازی جەنگ بەرێ.
لەبەرئەوە ئەگەر خوێندنەوەی تەواومان ھەبێت بۆ سیاسەت و مێژوو دەتوانین ئاسۆی شەڕە کان و پانتاییەکانی شەرو ئامانجەکانی پەی پی َبەرین.
لە روداوەکانی ئێستای ناوچەکەدا کە کوردستان بۆتە چەقی رووداوەکان لە ھە موو لایەکەوە بەھەموو توانایەک لەسەر ھەموو ئاستێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی تەپلی شەڕە گەورەکان لێ ئەدرێت (شەری مێژوو ،جوگرافی ،ئابوری وە ھتد) . ھەڵبەتە ئێستا ناوچەکە بۆخۆی لەشەڕی ناوخۆدایە ئەوەتا سوریا لەگەڵ چەندەھا گروپی لەگەڵ و دژ، عێراق بەھەمان جۆر کوردستانی باشور لەگەلڕ داعش و حشدا، کوردستانی باکور لەگەڵ تورکیا کەئەمەش واتە بەجۆرێک شەڕی ناوخۆ لە تورکیا بەڵام تەشەنەی نەکردووە وەک حالەتی عیراق و سوریا ئەمجار شەڕی تورکیا و ئێران کەلەئێستادا نوێنەرەکانیان بۆیان دەکەن کە لە شەڕی شیعەو سونەیا دیارە لە عیراق و سوریا ،ئەمجار َ شەڕی روسیا ،فەرەنسا وە ئەمریکاو ھاوپەیمانانی لەگەڵ داعش وە نا راستەو خۆش لەگەڵ ھاوپەیمانانی داعش .
واتە ئێمە لەکاتێک داین کە ھەموو شەڕە مێژووی و جوگرافی و ئابوریەکان لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێو نەتەوەیی تەپلی بۆ لێ دەدرێت و دەنگی تەپلی شە رەکان دەگاتە ھەموو ماڵێک و ھەموو تاکێک تەنھا ئەوە ماوە دەنگی تەپڵەکە تێکەڵ بێت بە دەنگی یەکەم موشەک لەم شوێنە ھەستیارانەی کە دەبنە باروت و ئاگر و بڵاودەبێتەوە بۆ تەواوی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە باشترین حالا ئەگەر بڵاونەبێتەوە بۆ جیھان واتە نەگاتە ئاستی جەنگی جیھانی سێ ھەم .
ئێستا سیاسەتی ئابوری، نەتەوەیی ، جیۆسیاسی وە جیۆ ستراتیجی ئامرازی تیژو کارای خۆی کە جەنگە خستۆتە کار و مێژووش ئامادەیی تەواوی ھەیە بۆ شاھیدی رەوایەتی ھەر یە کێ لەم شەرانە کە ھەموان بەو پەری توانایان کەرەسە سازی بۆ ئەکەن/خۆیانی بۆ ئا مادە ئەکەن بە تازەترین و کوشندە ترین کەرەسەی شەر .
ئە مرۆ مێژوو بەجۆرێک ئامادەیی ھەیە نەک ھەر بۆ ئێستا بەڵکو پێش ئێستاش کەوتووە بۆ بینینی دوای ئێستا وە رۆڵ بینینی بۆ داھاتو/سبەی . ئێستا لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەراست ھەموو جەنگە ئابوری ، جوگرافی ، نەتەوەی ، ئاینی و شارستانی ھەتا جەنگی نفوزو سەربازیەکانی تیا چڕبۆتەوە کە ھە موویان رەھەندی مێژوییان ھەیە وە زۆربەی ئەم ئەم لایە نانەش کە بەشداری ئەم شەرانە ئەکەن ئە گەر ھە موشیان نا بە بەڵگە ی/سەنەدی مێژویی بەشداری ھەر یەکێ لەم شەرانەدا ئەکەن وەک رەوایەت دان بۆ بوشداری کردنیان جا ئەم مێژوە لە ١٤٠٠ سالەوە دەست پئ ئەکا تا ئەم چارەگە سەددەی کۆ تایی کە لە دوای روخانی یە کیەتی سۆڤیەتەوە ھاتۆتە ئاراوە .
رۆژانە گوێ بیستی ھاتنی ھێزی تازە ئەبین بۆ ناوچە و کوردستان ھەر یەک بە بیانوو پاساوێ وە ھەریەکەشیان ھەگبەیەکی مێژویی لە کۆل کردوە وەک بەلگە بۆ ئەجندای سیاسی خۆیان وە بۆ مافی خاوەنداریە تی ئابوریو جوگرافیایەک و مانەوەو مۆ ڵگە خستن تیایا . وە ھەروەھا رۆژ بە رۆژ بوونی خۆیان لە رووی سەربازی ، لۆجستی وە ھەواڵ گرییەوە بە ھێز تر ئەکەن کە لە ئەنجاما درەنگ یا زوو وە بێ دوو دڵی بە یەکا چوونی/تێادمی- Clash دروست ئەبێ واتە شەری مێژوو ، جو گرافیا وە ئەجندە ئابوریەکانی ھێزەکانی لێ ئە کە وێتەوە ، ئەمەش ئە بێتە مال وێرانیەکی گەورە بۆ خەلکی ھەموو ناوچەی رۆزھەلاتی ناوەراست بە تایبەت کە چەکی کۆمەل کوژی تیا بە کار بێ کە ئە گەری تا ئاستی دلنیا بوون بەھێزو نزیکە. لە کا تی شە رە گەورەکانا کەوا لە بەردەم دەر گامانە ئێمەی کورد بە تایبەت لە با شوور قوربانی یەکەم ئەبین لە بەر ئەوەی بێ ھێز ترین بازنەو لایەنین لەم شەرانەدا چونکە رەگەزەکانی بەرگری ناوخۆیمان نیە لە بەر چەندەھا ھۆ کە گرینگ ترینیان بریتیە لە نە بوونی یەکیەتی وە ئەجندای نەتەوەیی ھاو ئامانج و ھاو خیتاب لە گەل نەبوونی ھیچ دامەزراوەو بنەمایەکی پتەوی ئابوریو دەولەتی وە ھەروەھا چەندەھا ھۆی کوشندەی تر کە ھەموان ئەی زانن.
لە بەر ئەوەی جەنگەکان لەناوچەدا رودەدات بێ گومان گەلانی ناوچە زیاتر باری جەنگ ھەڵ دەگرن و ئەبنە قوربانی وە سەرنەوشتیان بەم جەنگانەوە دیاری دەکرێت ،بەڵام لەھەمان کاتدا ئامادەیی ھەموو ھێزە کاریگەریەکانی تری جیھان بەتایبەت روسیاو بەریتانیای گەورە و ئەمریکا بۆی ھەیە رەھەندی جیھانی وەربگرێ لە کاتی ھەر روداوێکی کتوپڕدا کە ھەر یەکێ لەم ھێزانە بە تایبەت ھێزە بچوکەکان ھێڵە مێژووی و ئابوری و ناوچە نفوزیەکان ببڕێ . ھەتا لەڕووی سەربازیەوە چەکی تازە و ستراتیجی بۆ ئەوەی ئەزمون بکرێ باشترین جێگا بەکارھێنانیەتی لە مەیدانی شەڕی راستیدا، وە ئەمڕۆش لەدنیا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەراست و کوردستان جێگایەک پەیدا نابێت کە ھەر ھێزێک دەتوانێت چەکی کوشندەی خۆی لە مەیدانی جەنگدا تاقی بکاتەوە، چونکە خەڵکی ناوچەکە خۆیان بەخاوەنی نازانن و بێ دەسەلات و کۆیلە کراون دەسەڵاتدارانیش کە بە مل ھوری خۆیان کردۆتە خاوەن داری ھە موو شتێ ولاتەکانیانا تەنھا وەک شوێنی تاڵانی و غەنیمە تەماشای ولاتەکانیان دەکەن بێ خەم و بئ باکن بەرامبەر ھەر وێران بوون و کارەساتێ بە سەر وەلات و خەلکەکانیانا بێ .لەم بارودۆخەدا کە لە ھەموو لایەکەوە تەپڵی جەنگە گەورەکان لێ دەدرێت وە کوردستان بوەتە چەقی ئەم ھەمو جەنگانە دەبێت ئەم پرسیارە بکرێت کە رۆڵی کورد ، سیاسەتی کوردی و سەرنەوشتی کورد چی دەێت ؟.
ئەمەی کە پەیوەندی بە ئەم بەشەی باشوری کوردستانەوە ھەیە ئەبێت بەراستی وە بەئاشکرا بوترێ کە جێی داخە لە بەر ئەوەی لەم بەشەی کوردستان بەھۆی باڵا دەستی میلیشیای حزبی کە ھە ژارو بێ بەشە لە ھەموو فکرو عەقڵ و خەونێکی سیاسی وە شکست خواردوە لە ھە موو بوارەکانی ژیان و سیاسەتا ناتوانرێت چاوەڕێی ئەنجامی باش بکرێت جگە لە دۆڕان و تراجیدیای گەورە چونکە وەک ئەبینرێ ھەتا قوتی ژیانمان بە دەست خۆمان نیە و لە دەست کۆمپانیا بێگانەکان و ولاتانی ترایە وە خەلک دامالراوە لە مافی ھە موو خاوەنداریەتیەک و بریار دانێ . ھەر لە بەر ئەمەشە وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێ دا کورد بۆتە لاواز ترین بازنەو لایەن لە شەرەکانا بۆیە ئەبێتە گەورەترین قوربانی ئەگەر ھەرچی زووتر لە سەر بنەمای بەرژەوەندی بالای گەل و ولات گۆران کاری ریشەیی و جددی لە بە ناو دەزگا کانی حکو مەت و کایەکانی ئابوریو بازارو کارگێریا نەکرێ کە بە داخەوە ئە مەش لە خەونێکی خۆش زیادتر نیە بە لە بەر چاوگرتنی ئەم واقعە تاڵەی کە ھەیە . لە ھەمووش کارەسات تر ئەمەیە لە بەرامبەر ئەم ھەموو قەیران و ھەرەشانەی بەرۆکی ھە موو تا کێک و ولات و نە تە وەو ئێستاو داھاتووی گرتوە کەس مێش میوانی نیە وە کەس ھیچی پێ نیە نە بۆ ووتن نە بۆ کار وەک ئەوەی ولات ھە موی بوبێتە نمونەی قوتا بخانەی زیندووی /راستی دنیا بۆ ھیچ و پو چ گەرایی ، بەڵام لە گەل ئە مەشا نابێت ھیوا بە خەبات و ارادە ببرێ بۆ خەلکان و کەسانێ کە خەونی گەورەو انسانیان ھەیە بۆ خەلک و ولات وە تا ئێستاش ھەر لە دەروەی ئەم دنیا وێرانەو ھیچ و پو چ گەرایە دان کە بەرھە م و نمونەی دەسەلاتی میلشیا یە .
بابەتی ئەم وتارە لە سەر داوای رۆزنامەی ھاولاتی نوسراوە .