کارمەندانی ئۆفیسەکانی هەولێر و دهۆکی NRT لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکران و هێزێکی ئەمنیش چوونەتە بەردەم ئۆفیسی کەناڵەکە و ڕێگا نادەن کەس بچێتە ناو ئۆفیسەکەوە و لە دهۆکیش ئاسایش بە چەکەوە چووەتە ناو ئۆفیسی دهۆکی کەناڵەکەوە.
ئاوات عەلی بەڕێوەبەری گشتی کەناڵی NRT ڕایگەیاند، دوای ئەوەی چەند جارێک پەیوەندیان کردووە بە کارمەندان و ڕۆژنامەنووسانی ئۆفیسی هەولێری کەناڵەکەیانەوە بەڵام بەشێک لە تەلەفۆنەکان داخراون و بەشێکی دیکەشیان لەلایەن کەسانی دیکەوە وەڵام دەدرێتەوە.
بەڕێوەبەری گشتی کەناڵی NRT ڕاشیگەیاند، لە ئێستاندا نازانن لە کوێ کارمەند و ڕۆژنامەنووسەکانیان دەستبەسەر کراون.
داواشی لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم کرد، کاربکەن بۆ ئازاد کردنی کارمەندانی کەناڵەکە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا بە دروشمی هاوسەنگی و بوێری و ڕاستگۆیی ڕووماڵی خۆپیشاندانەکان و هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانیان کردووە و بەرپرسانی بەشێک لە حزبەکان لە ڕێگای NRT ەوە پەیامیان بۆ سەرکردایەتیی سیاسیی و هاووڵاتیانیان لە ڕووداوەکان ئاگادارکردووەتەوە.
بەوتەی بەڕێوەبەری گشتی کەناڵی NRT پێشتر هەماهەنگییان لەگەڵ ئاسایشی هەولێردا هەبووە بۆ ئەوەی لە ئەگەری هەر ڕووداوێکدا ئۆفیس و کارمەندانی کەناڵەکە بپارێزن.
