هاووڵاتیانی خۆشەویست و خۆڕاگری كوردستان
... ئاگادارن كە لەم چەند رۆژەی رابردوودا زنجیرە كارێكی تێكدەرانە بەرامبەر هەندێ لە بارەگاكانی پارتیمان، پارتی دیموكراتی كوردستان، لە سنوری پارێزگای سلێمانی و گەرمیان لەژێر ناوی خۆپیشاندانی جەماوەری، ئەنجامدرا، كە لەڕاستیدا خۆپیشاندانەكان خۆڕسك نەبوون، بەڵكو پێشوەختە پلان بۆداڕێژراوبوون بۆ تێكدانی بارودۆخ و پەلاماردانی بارەگاكانمان، لەكاتێكدا پارتیمان بەهەموو هێز و تواناوە خەریكی بەرگریكردنە لە كوردستان لە بەرامبەر تیرۆرستانی داعش.
ئێمە نەوشیروان مستەفا و دارودەستەكەی بە بەرپرسیاری یەكەمی ئەو كارە تێكدەرانە و ئاڵۆزی دروستكردنە دەزانین و وەڵامی گونجاومان دەبێت و بەدڵنیاییەوە دەبێت پیلانگێڕان باجی ئەم دەستدرێژیانەیان بدەن.
لەهەمان كاتدا دامودەزگاكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە كەمتەرخەم دەزانین لەپاراستنی بارەگاكانمان لە كاتێكدا ئۆرگانەكانی پارتیمان بەهیچ شێوەیەك بەرپرس نەبوون و نین لەهەبوونی كەموكوڕی و كەمی خزمەتگوزاری لەو ناوچانەدا، چونكە دیارە كە بەرپرسیاریەتی ئیداری و خزمەتگوزاری ئەو دەڤەرە لەئەستۆی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و گۆڕان _دایە، هەروەكو چۆن دەزگاكانی ئاسایش و هێزە ئەمنییەكان و ئیدارەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەو ناوچانە بەبەرپرسیار دەزانین لە پاراستنی بارەگاكانی دیكەمان و سەروماڵی ئەندام و كادیران و جەماوەری پارتیمان.هاووڵاتیانی بەڕێز و خۆشەویست.
تاكوئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان دانی بەخۆداگرتووە و هێمنی ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی پاراستووە، ئەویش لەبەر بەرژەوەندی باڵای گەلەكەمان و، هیچ هەنگاوێكیشی نەناوە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم پیلان و دەستدرێژییە ناڕەوایانە، بەڵام ئیمڕۆش تاوەكو ئەم ساتەش نەوشیروان و تاقمەكەی هەر سورن لەسەر جێبەجێكردنی پیلانەكەیان، بۆیە پارتی دیموكراتی كوردستان بەحەقی رەوای خۆی دەزانێت هەرهەنگاوێك بنێ كە بەگونجاوی بزانێ بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم ئاژاوەگێڕی و پیلانە تێكدارانە. پارتی وەك هەنگاوی یەكەم خۆی بە ئازاد دەزانێ لە رێككەوتنەكانی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و بەشداری تاقمی نەوشیروان تیایاندا.
جەماوەری خۆڕاگری كوردستان... پارتی دیموكراتی كوردستان باوەڕی بەتینە بەسەركەوتنی گەلەكەمان بەسەر دوژمنانی جۆراوجۆری مافە رەواكانی و چارەسەری ئەو كێشە و قەیرانانەی روبەڕوی دەبێتەوە، لێرەدا داوا لە ئەندام و كادیران و جەماوەری تێكۆشەری پارتیمان دەكەین كە هیچ پەرچەكردارێك نیشان نەدەن و هێمنی شارو شارۆچكەكان بپارێزن و، وەكو هەمیشە بەرپرسیارانە لەگەڵ بارودۆخەكە رەفتاربكەن،
سەركەوتن بۆ گەلەكەمانە..
بژی كورد بژی كوردستان...
مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
10/10/2015

