ئێستا ئیتر دوای 23ی حوزەیران مەسعود بارزانی بەتەواوی قەدەری خۆیو پاراستنی پۆستەكەی داوەتە دەست مەسرور بارزانی كوڕەگەورەیو لەگەڵیدا نێچیرڤان بارزانیش وەك یەكێك لەجێبەجێكارانی نەخشەكەی مەسرور بارزانی رۆڵ دەبینێت.
تاڵاوی 23ی حوزەیران بۆ پارتیو بەتایبەت نێچیرڤان بارزانی ئازارێكی كاتیی نییەو بەس، بەڵكو ئەو تاڵاوەكە تا گەدەی مێژووی پارتیو خودی بارزانی چووە خوارەوە، برینێكی وا دروست دەكات، كە ڕەنگە ئەفسانەی تۆكمەو یەكگرتوویی بنەماڵەی بارزانی كۆتایی پێبهێنێتو چیتر نێچیرڤانی زاواو برازا نەتوانێت تەمسیلی سیاسەتی پارتی بكات.
بەپێی راپۆرتێكی گۆڤاری شار مەسرور بارزانی، كە لەناو پارتییەكاندا بە «برا گەورە» ناوی دەبرێت، هەمیشە لەو شوێنانەدا دەردەكەوت كە مەسعود بارزانی لێبووایەو لەگەڵ شاندە بیانییەكاندا، بەڵام هیچ كات هێندەی مانگی رابردووو لەمیدیا ناوخۆییەكانەوە دەرنەكەوتووە.
مەسرور بارزانی لەرۆژێكدا (27ی ئابی 2015) سەردانی شەش حیزب (یەكگرتووی ئیسلامی - حزبی سۆسیالیست- حیزبی شیوعی - بزووتنەوەی ئیسلامیی - حیزبی زەحمەتكیشان - حیزبی كرێكارانو رەنجدەران)ی كرد.
سەرچاوەیەكی بەرپرس لەناو حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بۆ گۆڤاری «شار» ئاشكرایكرد «سەردانەكەی مەسرور بارزانی تەنیا بۆ سوپاسگوزاریی بووە لەپای ئەو پشتگیرییو هاوهەڵوێستییەی لەگەڵ پارتیدا بوویانە لەسەر پرسی ویلایەتی چوارەمی بارزانی، هەروەها دڵنیایشی پێداون، كە ئیتر حیزبە بچووكەكان پەراوێز ناخرێن».
مەسعود بارزانی لەكۆبوونەوەی 12 لایەنی سیاسی لەپیرمام وتبووی «چیتر لەگەڵ 5 حیزبەكە كۆنابێتەوە» بەمانایەكی تر چیتر كۆبوونەوەی پێنج قۆڵیی ناكات ئەمەیش راستی قسەی سەرچاوەكەی حیزبی سۆسیالیست دەسەلمێنێت، كە بارزانی كوڕو باوك حیزبە بچووكەكان پەراوێز ناخەن.
تەواوی ڕاپۆرتەكە لەژمارە 53 گۆڤاری شار بخوێنەرەوە، كە كۆمپانیای شارپرێس بۆ چاپو راگەیاندنو توێژینەوە مانگانە بڵاویدەكاتەوە.
