لەمیانەی بەشداریکردنی لەبەرنامەیەکی کەناڵی ئاسمانی ڕووداو دا،لە پەیوەند بە خۆپیشاندانەکانی چەند ڕۆژی دوایی،" سەعدی ئەحمەد پیرە" چەمچەماڵییەکانی بە دزو جەردەو تاڵانچی ناوبرد،بەو ھۆیەی زۆربەی ئەوانەی بەشدارییان لەخۆپیشاندانەکەی بەردەم ھوتێل گراند میلینیۆمی شاری جوان کرد،کە کۆبونەوەی (٥) قۆڵی تیا ئەکرێت،چەمچەماڵی بون .پیرە گوتی : ئەوانە چەمچەماڵی بون جانتایەک و دوو سێ گوینی زلیان پێ بو ھاتبون بۆ سلێمانی بۆ تاڵانی".
لای خۆیەوە، "بەھرۆز جەعفەر" نوسەر و ڕۆشنبیر، دەڵێت : من دە ساڵە سەعدی ئەناسم، ھەرکات سیحەتی تەواو نەبێت ئەو قسانە ئەکات،دڵنیام ئەوە ڕای یەکێتی نییە،چونکە یەکێتی ڕای تیا نەماوە،چۆن ئەبێت چەمچەماڵیان بەس بۆ قوربانیدان و ئازار و میحنەت بوێت،پاشان بە تاڵانچی ناوی ببەن .بەھەر حاڵ تاقەتم نییە شوێن قسەی ئەم قوتابیە بە ئەمەکانەی بەعس بکەوم .ھەرکام لەئێمە قەبرسانێک شەھیدی داوە،سەعدی چی بۆ کورد کردووە ؟.
ھەرێم کەریم،ڕۆژنامەنووس،ڕایگەیاند "تەواوە،سەعدی پیرە ڕاستەکات،دزو جەردەین، بەس ھەفتەی ڕابردوو (١٥) پێشمەرگەی چەمچەماڵی شەھیدبووە،لەپێناو ئەوو ئەمسالەکانی وەک ئەودا پارەی شیری مناڵەکانیش مان پێ نییە،ئەگەر ڕاست ئەکات با جارێک بەخۆی و ھەموو حیمایەکانیەوە ڕووبکاتە چەمچەماڵ بزان چۆن ئەیکەین بە پەندی زەمانە ".
عەبدوڵای کوێخا موبارەک،بەرپرسی مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان لە چەمچەماڵیش گوتی " بەداخەوە بۆ ئەو گەنجە چەمچەماڵییە جوانانە،لەپێناو کەسانی وەک کاک سەعدی دا شەھید ئەبن،ئەو چۆن ڕێگە بەخۆی ئەدات باسی شارێک بکات کە ڕۆژ نییە شەھید نەدات و،تەعزێبار نەبێت و برینی نەکولێتەوە .
حیلمی ڕەسول ،مامۆستای زانکۆش ئەڵێت" ماستاوکردن بۆ پارتی لەسەر حیسابی چەمچەماڵ نابێت،ئەگەر مەرد بێت جارێکی تر بۆ پرسەش بۆ چەمچەماڵ نایەت ،چەمچەماڵ پایتەختی شەھیدانە،کاتێک لەبازگەکانی بەعس چەمچمەماڵییەکان شەھید ئەبون،سەعدی خۆی ئەزانێت لە نەمسا چی ئەکرد !.
سەربەست نەریمان،ڕۆژنامەنوس،ڕایگەیاند " بەپێلاوێ دڕاوەوە بەرپرسەکان ھاتنەوە شار،ئێستاش بارەگاو باخ و ڤیەللاکانیان پاسەوانی ھەیە،چەمچەماڵ شاری لەشکرە شەھیدو گیانفیدایە،ئەگەر قەرارە ئێمە دزو جەردەین،با ڕێڕەوی ھاتووچۆیان بگۆڕن لە ھەولێرەوە بەسەر چەمچەماڵدا نەیەن،چونکە ھەر شەھیدەکان شەرمەزاریان ئەکات .
