راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت خۆپشاندان و بارگرژیەكانی سلێمانی لەلایەن گۆڕانەوە پلانی بۆ دانراوەو دەزگا ئەمنیەكانیش لە ئاست رووداوەكاندا بێ توانا بوون.
مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایش لە زنجیرە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر باس لە خۆپشاندان و بارگرژیەكانی سلێمانی دەكات و نوسیویەتی: ئەوە بەرنامەیەكی پلان بۆداڕیژراوی چالاكوانانی بزووتنەوەی گۆڕان بووە، بۆ هاندان و رقلێبوونەوەو تووندوتیژی. دەشڵێت: هێرشكردنە سەر بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامی ئەندامانی پارتییە لە شەڕكردن لە دژی داعش. ئەو هێرشانە خزمەتی بەرژەوەندی دوژمنانی كوردستان دەكەن.
راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایش بەرپرسیاریەتی رووداوەكان دەخاتە ئەستۆی دەزگا ئەمنیەكانی سلێمانی و لەو بارەیەشەوە نوسیویەتی: دەسەڵاتدارانی سلێمانی بەرپرسی یەكەمن لە شكست هێنانیان لە پاراستنی بارەگا و ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان. ئەوەش نیشانەی پشتگوێخستن و ناتواناییان نیشان دەدات.
