کەسی یەکەمی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ژمارەی شەھیدەکانی خۆیان لەپێکدادانەکان لەگەڵ تورکیا ئاشکرادەکات، ھاوکات جەختیشدەکاتەوە لەسەرئەوەی، دەیانەوێت ھەدەپە لەھەڵبژاردنەکەی تورکیادا سەربکەوێت، بۆیە ئاگربەستیان ڕاگەیاندووە، ھاوکات ڕەخنەش لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەگرێت.جەمیل بایک ھاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)و کەسی یەکەمی ناو پەکەکە لەدیدارێک لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس، باسی ئاگربەستە تاکلایەنەکەی خۆیان دەکات و ڕایدەگەیەنێت، تەنھا مەبەستمان لەوکارە، یارمەتیدانی پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە)یە بۆ بەدەستھێنانی دەنگی زیاتر لەھەڵبژاردنەکەی ١-١١-٢٠١٥دا.
کەسی یەکەمی ناو پەکەکە ژمارەی شەھیدانی گەریلای ئاشکراکردو ھاوکات ھەواڵێکی حکومەتی تورکیاشی بەدرۆخستەوە گوایە لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا ١٧٥٠ گەریلا شەھیدبوون، بەڵام بایک وتی:"تەنھا ٧٠ گەریلا شەھیدبوون".
ڕەخنەی ئەوەشی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، کە خەمساردن لەبەرامبەر کێشەکانی گەلی کورد، لەو ڕووەشەوە وتی:"ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پەکەکە لەلیستی تیرۆر بسڕێتەوە، تورکیا ناچاردەبێت کێشەی کورد لەتورکیاو ڕێگەچارەی دیالۆگ و دانوستان قبوڵبکات".
بایک جەختی لەوەشکردۆتەوە، سەرباری یارمەتیدانی ھەدەپە، "ئاگربەستەکەمان خۆی لەخۆیدا نیازپاکیە بۆ ئاشتی و برایەتی، چونکە پێمانوایە شەڕکردن تەنھا گۆڕستانەکان پڕدەکاتەوە، ئەگەریش بڕیاری یەکجارەکی بدەین، ئاڵۆزی سەرتاسەری تورکیا، سوریاو ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش دەگرێتەوە".
