وەزارتی ناوخۆی فەرمانێک دەردەکات بۆناردنی ئەفسەر و پلەدارەکانی بەڕێوەبەرایەتیەکانی ڕەگەزنامە و باری شارستانی بۆ بەرەکانی شەڕ و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیش لەبارەی فەرمانەکەوە داوایەک تایبەت بەکەرکوک ئاڕاستەی فەرماندەی گشتی ھێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی عیراق دەکات.
بەپێی نوسراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕەگەزنامە و باری شارستانی وەزارتی ناوخۆی عیراق، پشت بەستن بەفەرمانی وەزاری ژماری ٧٤٨٩٢ لە ٢٨ / ٩ / ٢٠١٥ داوا لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیەکانی ڕەگەزنامە و باری شارستانی پارێزگاکان کراوە، لیستێک بەناوی ئەفسەر و پلەدارانی ئەو بەڕێوبەرایەتیانە ئامادە بکرێت، بە مەبەستی پەیوەندی کردنیان و ناردنیان بۆ بەرەکانی شەڕ.
بەپێی نوسراوەکەی بەڕێوبەرایەتی گشتی رەگەزنامە و باری شارستانی داواکراوە ئەو ئەفسەرانە بەشێوەی خولاو، لەسەرەتایی مانگی تشرینی یەکەمەوە بۆماوەی یەک مانگ پەیوەندی بەبەرکانی شەڕەوە بکەن، بە مەبەستی بەشداریپێکردنیان و ئاشنابوونیان بەماندبوونی ئەو ئەفسەرانی کە بەردەوام لە سەنگەر و بەرەکانی شەڕدان.
لای خۆیەوە، رێبوار تاڵەبانی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەبیانامەیەکدا کە كۆپیەكی دەست "ئاژانسی وڵات" کەوتووە، داواکاریەکی ئاڕاستەی فەرماندەی گشتی ھێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی عیراق کردوە و تێدا دەڵێت:بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆسیە و پەیوەندی و بەشداریپێکردنی ئەفسەرانی بەڕێوبەرایەتی رەگەزنامە وباری شارستانی کەرکوک لەبەرەکانی شەڕی دژ بە تیرۆر دەبێت لەسنوری ئەو پارێزگانە بێت کە بەناوچە گەرمەکان ناسراوە.
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئاماژە بەوەشدەدات کە کەرکوک بە سەدان کیلۆمەتری لە ژێر دەسەڵاتی داعشدایە، بۆیە دەبێت ئەفسەر و پلەدارەکانی بەڕێوبەرایەتی رەگەزنامە وباری شارستانی کەرکوک لەسنوری کەرکوکدا بەشداریان پێیبکرێت لەبەرەکانی شەڕدا ھاوشانی ھێزی پێشمەرگە کە پاراستنی کەرکوکی لەئەستۆگرتووە.
