سەعدی ئەحمەد پیرە مێژووی پرقارەمانێتی چەمچەماڵیەكان بەرزهەڵدەسەنگێنێ و داوای لێبوردنیش دەكات لەو كەسانەی دڵیان رەنجابێت لە بەرامبەر لێدوانێكیدا كە هەندی كەناڵ بە هەڵە لێكدانەوەیان بۆ كردوە .
لە لێدوانێكدا سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی ( ی . ن . ك) بۆ كەنالەَكانی راگەیاند پەیامێكی ئاراستەی چەمچەماڵیەكان دەكات ئەمەش دەقی رونكردنەوەكەیە :
رۆژتان باش جەماوەری تێكۆشەری شاری چەمچەماڵ
پایتەختی شەهیدان و پایتەختی ئەنفال
كەسوكاری شەهیدان و هەڤاڵانی خۆشەویستی ئەم ناوچەیە
دوێنی دیمانەیەكم هەبوو لەگەڵ كەناڵی روداو , دیمانەكەم باسی چەمچەماڵ نەبوو بەڵكو باسی ئەو گرژیانە بوو كە ئەمرۆ لە هەرێمی كوردستان دەگوزەرێت وە لە هەمان كاتا رونكردنەوەیەك بوو لە سەر ئەو بەیانەی ئاخیری پارتی دیموكارتی كوردستان و ئەو تەنگژەیەی كە لە
كەلا ر و ئەو ناوچانەدا رویدا .
لە میانەی قسەكانمدا ناوی كەسێك و كەسانێك هات وەكو تاك لە ناوچەی جیا جیا كە رەنگە یارمەتیدەر نەبن بۆ ئەوەی كە خۆپیشاندانەكان بە شێوەیەكی رێك و پێك برۆن , ئەگەر ناوی یەكێك لە چەمچەماڵ هاتبێت وەكو تاكە كەس هاتووە نەك وەكو خەڵكی چەمچەماڵ .
دیارە دەستێك هەیە بۆ شێواندن و بە هەڵە تەفسیر كردنی ئەو قسەیەی من بۆ یە من ئەم رونكردنەوەیەم بە پێویست زانی .
سەعدی ئەحمەد پیرە ووتیشی من بە درێژای ژیانم و لەوەتەی چەمچەماڵ دەناسم , چەمچەماڵم بە شارێكی تێكۆشەرو شەهید پەروەر دەزانم , چەمچەماڵ مەركەزی ئەنفال و خۆراگری بووە وە ئەگەر قوربانیان و تێكۆشەرانی چەمچەماڵ نەبن رەنگە بارودۆخی ئێمەی ئەمرۆ لەگەڵ داعش بە جۆرێكی تر دەبوو كە زۆر بە زەرەری حكومەت و هەرێمی كوردستان تەواو دەبوو .
ئەگەر شتێك لەو بابەتە وترابێت و خەڵكیش هەبێ بیەوێت تەفسیری هەڵەبكات من پێم باش نیە گوێی لێرابگیرێت.
من لێرەدا پێتان دەڵێم كە من وەكو هەمیشە ئێوە كەسوكاری شەهیدان و ئەنفال و تێكۆشەرانی چەمچەماڵ بە تاجی نەتەوەكەمان و خۆم دەزانم , بۆیە نەلە كەسایەتی من دەوەشێتەوە نە ئیجازەش بە خۆم دەدەم كە بەخراپی باسی ئێوە بكەم وە پێموایە ئەگەر كەسێك هەبێم لێم رەنجابێت یان دڵی ئێشا بێت ئەوا داوای لێبوردنی لێدەكەم چونكە كەسانێك بە دەستی ئەنقەست قسەكەی منیان بەكار هێناوەو نییەتی من ئەوە نەبووە و منیش پەرۆشی نیگەرانی خۆشەویستانم بوم لە چەمچەماڵ .
دیڵێمەوە ئێمە قەرزای چەمچەماڵ و شەهیدانی ئەو شارەو كەسوكاری تێكۆشەرو ئەنفالكراونەین .

