

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، کاردینال فێرناندۆ فیلۆنی نێردراوی تایبەتی قەداسەتی پاپای ڤاتیکان و شاندێکی یاوەری سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کرد، بۆ یەکەمجاریش لەمێژووی ئەو وڵاتەدا، پشتیوانی خۆی ڕاگەیاند لەدژی داعش، بەتایبەت شەڕی کورد لەدژی تیرۆر.
خالید جەمال ئەلبَیر نوێنەری کریستیانەکان لەوەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی به SNN وتووه:" کاردینال فێرناندۆ فیلۆنی ڕایگەیاندووە، ئەوان وەک دەوڵەتی ڤاتیکان فشار لەسەر وڵاتانی ئەوروپی دروستدەکەن بۆ ئەوەی لەھەموو ڕوویەکی مرۆیی و سەربازیشەوە ھاوکاری پێشمەرگەو خەڵکی کوردستان بکەن".
وتیشی:"ئەمڕۆ نێردراوی تایبەتی قەداسەتی پاپای ڤاتیکان سەردانی پەرستگای لالشی لەقەزای شێخان کردو لەگەڵ گەورە مەرجەعی ئێزدیەکان کۆبۆوەو پشتیوانی پێڕاگەیاندن و پشتیوانی ڤاتیکانیشی بۆ ئێزدیەکان دوپاتکردەوە، دواتریش سەردانی دھۆک و زاخۆش دەکات و مەسیحیەکان بەسەردەکاتەوە".
ئاشکراشیکرد، نێردراوی تایبەتی قەداسەتی پاپای ڤاتیکان سەردانی شاری سلێمانی ناکات و لەنێو ئەجێندای سەردانەکەیدا نییە، وتیشی:"بەھۆی ئەوەی مەسیحیەکانی سلێمانی ژمارەیان کەمە، بۆیە نێردراوی تایبەتی قەداسەت سەردانی ئەوشارە ناکات".