
![]() |
کامهران گوڵپی |
دوو ساڵە کۆبانی هاوار دەکات ئێمە گیرۆدەی دەستی تیرۆرین، بەڵام لەباشور کۆبانێ بە خودی تیرۆر تاوانبار دەکرا. کۆبانی هاواری دەکرد ڕۆڵەکانم بەڵێنییان بەنیشتمانداوە دڵسۆزی هەرچوارپارچە دەبن، بەڵام بەهاوکاری لەگەڵ ڕژێمی بەشار تاوانبار دەکرا. لەدواجاردا کۆبانی ڕاستی ووتەکانی سەلماند کە هەرچەندە بێ تفاقین بێ ئازوقە و چەک و تەقەمەنی و هاوکارین، بەڵام ئەرکی نیشتمان لەباشور چاوەڕێمانە بۆیە سەرەڕای ئەم هەموو نەبوونیە ئامادەین گیان ببەخشین و هاوکاری برایانمان لە باشور و هاوسەنگەریان بین لەپێناو سەلماندنی یەک نیشتمان و یەک نەتەوەیماندا کە زۆر هەوڵدراوە لەزیهنی تاکی کوردیدا پێش لەدایکبوونی لەبار ببرێت. کۆبانێ دەستە خوشکی کەرکوکە لەبەر ئەوەی بووەتە جێی چاوهەڵخستنی دوژمنانی کورد؛ چونکە مانایەک بۆ بەرخودان لەکۆبانیەوە خرایەوە گەڕ دوای زریانی دەستکردی وڵاتانی زلهێز لەژێر ناوی(داعشدا) بۆیە ئارامگرتنی کۆبانی بەرامبەر بەو هەموو تاونانە دەدرانە پاڵی لە خودی تاوانەکە قورستر بوو، بۆیە نەفەس درێژی بەڕێوەبەرانی ئەم ڕەوتە لە کۆبانی ئەو ڕاستیەی سەلماند کە(ئینتمای نەتەوەیی)، هێڵی سوورە و بۆ هیچ لایەنێک نیە بیکاتە قوربانی حەزی مانەوەی لە پۆست و پێگەی بڕیاردا، ئێستا ڕۆڵەکانی کۆبانین سەنگەرە چۆڵەکانی پێشمەرگە لەبەرەکانی جەنگدا پڕ دەکەنەوە.
ئێستا ساتی هەستانەوەی نەتەوەییە، لەهەرچوار پارچە؛ چونکە کۆبانێ سەرکەوتنی بەدەستهێنا بەرامبەر بەدوژمنان و نەیارانی یەک نەتەوەیی. زۆربەی کات بە بێ ڕاوێژ بەیەکتری هەنگاو هەڵگیراوە بۆ بەڕێوەبردنی کاری سیاسی، بەڵام هەنوکە بارودۆخەکە یەکڕیزی لە کوردان دەخوازێت نەک جودایی. بۆ سەلماندنی ئەم بیردۆزەش گرتنەدەستی سەنگەرەکانی پێشمەرگە لەلایەن یەکینەکانی پاراستنی گەل"یەپەگە"، لەڕەبیعە و نائومێدکردنی(داعش) لەو پاروە چەورەی کە خۆی بۆ ئامادە کردبوو. ئێستا چەند کوردان دڵخۆشن بەبیستنی ناوی"یەپەگە و پێشمەرگە"، بەتەنیشت یەکەوە لەهەواڵی بەرەکانی جەنگدا دژ بەچەتەکانی داعش دەجەنگن. ئەمەیە ویستی ڕاستەقینەی نەتەوەی کورد، یەکڕیزی بەرامبەر بەدوژمنان.
بائیتر کەلتوری جوداخوازی و فەرهەنگی تاوانبارکردن وەلانێین؛ چونکە ئەمە ڕێچکەی خزمەت بەدوژمنانە نەک نەتەوە و خاک و نیشتمان، ڕاستی ئەوەش بزانن تادوێنێ هەموو ڕاگەیاندنە هەرێمی و جیهانیەکان کاتێک باسیان لە چالاکیەکی گیانبازانی کوردی دەکرد بەتیرۆر ناوزەد دەکران، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا بەناچاری ناوی شەڕڤانان و گەریلا و پێشمەرگە وەکو خۆی دەهێن، ئەمەش خۆی لەخۆیدا دەستکەوتێکی نەتەوەییە بۆ هەرچوارپارچە؛ چونکە دوژمن ناچارکراوە بەقبوڵکردنی ڕاستیەکی ئازاربەخش کە ڕەوایەتی خەبات و بەرخودانی کوردانە، ئیتر ئێستا کاتی هەڵوێستی سیاسیەکانە بەومانایەی گرژی و ئاڵۆزیەکان بڕەوێننەوە لە پەیوەندیەکانیاندا؛ چونکە خاوەنی سەنگەرەکان ئێستا دەست لەملان و شانبەشانی یەکتر دژی دوژمن وەستاونەتەوە. لێرەوە ئەرکی مێژوویی سیاسیەکان بەرامبەر بە هەستیارترین وێستگەی خەباتی کوردان دەست پێدەکات بۆ یەکخستنی ناوماڵی کوردی و بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی لە نزیکترین دەرفەتدا؛ چونکە گۆڕانکاریەکان یەکبوونمان لێدەخوازێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەمان بەرامبەر ووڵاتانی ناوچەکە و زلهێزە جیهانیەکان.
یەک بڕیاریمان لە یەکلاکردنەوەی هاوکێشە سەربازیەکاندا کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر چالاکیە سیاسیەکانی باکور و بەشەکانی تر؛ چونکە ڕاگرتنی هاوسەنگی لەهەر دوو باڵی"سیاسی و سەربازیدا"، لەسەرکەوتن نزیکمان دەکاتەوە. لەزانستی سیاسیدا ئەمە ڕێژەیەکی نەگۆڕە وەستانەوە لەیەک سەنگەردا بەرامبەر بەدوژمن بڕیاری بەرهەمداری سیاسی لێدەکەوێتەوە؛ چونکە دووانەیەکی تەواوکەری یەکترین. لێرەوە یەکڕیزی بەرخودان لەمەیدانەکانی جەنگدا بڕیاری بوێرانە لای سیاسیەکان دروست دەکات، فشۆڵیو پەرتەوازەیی دەستەمۆبوون دێنێتە ئاراوە. بەئومێدی بەرچاوڕوونی سەرکردەکان و خۆداڕنین لە ووشەی"من"، بۆ سەرخستنی نەتەوەکەمان ئازادی هەموو کوردستانە.