سوپاس و پێزانینم ھەیە بۆ بەڕێز ڕیاز کاکە
لە بەرامبەر بەدەنگیکردنی یاداشتەکانم بە ناونیشانی (دەنگی خاک: بەرگی یەکەم، بیرەوەری ١٩٧٦- ١٩٩١، هەروەها بەرگی دووەم، بیرەوەری ١٩٩١ - ٢٠٠٠)، بێگومان جگە لە تەرخانکردن لە کاتی خۆی، زەحمەتی زۆریشی کێشاوە بەم کارەوە، بۆیە هیوادارم ماندووبوونەكەی کاکە ڕیاز، بە سود و خزمەتی بەرژەوەندیی گشتیی خوێنەری کورد بشکێتەوە.
خۆشبەختانە لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم بە دواوە لە سایەی گەشەکردنی بواری چاپەمەنی و بە تایبەتی چاپکردنی پەرتوک بە زمانی کوردی ، چیتر تەنیا لە دەرەوە کتێب چاپ ناکرێت، بەڵکو ئەمڕۆ کوردستان خاوەنی سەدان چاپخانەی بەناوبانگە کە بەردەوامن لە پرۆسەی چاپکردنی کتێبی گرنگ وەک سەرچاوەی سەرەکی وەرگرتنی زانیاری و فراوانکردنی دەرفەتەکانی فێربوون و بڵاوکردنەوی مەعریفە لە بوارەکانی ئەدەب، مێژوو، زمان، سیاسەت، پەروەردە و ئابووری و ...هتد.
هاوشانی پێشکەوتنی قۆناغەکانی ڕەوڕەوەی ژیانی مرۆڤایەتی ولە سایەی پەرەسەندن و داهێنانەکانی بواری تەکنۆلۆژیای فێرکردن، سەرچاوە و شێوازەکانی خوێندنەوەش گۆڕانکاری بەرچاویان بە خۆوە بینیوە. بە تایبەت زیادبوونی مژارەکانی خیراتر کردن و ئاسانترکردنی بواری دەستخستن و سود وەرگرتن لە سەرچاوەی کتێب لە ڕیگای بەکارهێنانی پلاتفۆرم و وێبسایتە ئەلیکترۆنییەکان و چوونە نێو کتێبخانەی ئەلیکترۆنی و دۆزینەوەی کتێبی دیجیتاڵی و ....هتد.
سەرباری ئەو گۆڕانکاریانە، هێشتا کتێبی چاپکراوی کاغەز (هارد کۆپی) لە ڕیزبەندی پێشەوەی کەرەستە و سەرچاوەکانی بەخشینی زانیاری و تێگەیشتنی قوڵ و کاریگەر دادەنرێت.
زۆربوونی ئاستی پابەندییەکانی ڕۆژانەیی هەر تاکێک لە نێو کێشمەکێش و جەنجاڵیەکانی ئەم جۆرە لە ستایڵی ژیانی مۆدێرن، هاوکات زۆربوونی ژمارەی سەرچاوەی چاپکراو بە زمانە زیندوە جیاجیاکانی جیھان، وای کردووە، کە تەرخانکردنی کاتی گونجاو لای خوێنەر بۆ بەسەرکردنەوەیان و خوێندنەوەیان زەحمەت بێت.
خۆشبەختانە یەکێک لە دەستکەوتەکانی پێشکەوتن لە بواری خوێندنەوە لە رۆژگاری ئەمڕۆدا تۆمارکردنی دەنگی ناوەڕۆکی کتێبەکانە لە ڕێگای ئەپی جۆراو جۆری نێو مۆبایلی زیرەک، کۆمپیوتەر، ئایپاد و تابلیتەکان، واتە خوێنەران دەتوانن لەمەودا گوێ لە کتێبە دەنگییەکان بگرن لەبری ئەوەی بیانخوێننەوە.گرنگی ئەم پرۆسەیە لەوەدایە کە دەتوانرێت لە کاتی تەنانەت سەرقاڵی و ئیشوکاری ڕۆژانەشدا گوێیان لێ بگیرێت، جگە لە گەڕاندنەوەی کات بۆ خوێنەر، کتێبی دەنگی هاوکات سوودێکی زۆری هەیە بۆ ئەو کەسانەی نەخوێندەوار یان نابینان.
جێی بایەخە، ئەو ڕاستییە بخەینەوە بەرچاو، کە مێژووی کتێبی دەنگی لە کۆمەڵگەی کوردیدا دێرینە، لە ڕابردوودا حیکایەتخوانەکان لە دیوەخان و دانیشتنە کۆمەڵایەتییەکاندا بە دەنگ حیکایەتەکانیان دەگێڕایەوە، دەنگبێژانیش بە لاوک و حەیران و هۆرە ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە گێڕانەوەی داستانەکانی خۆشەویستی و نەبەردی و ئازایەتی شۆڕەسوارانی کورد، دواتر کە ئامێری تۆمارکردن گەیشتە کوردستان زۆرێک لە داستان و حیکایەتە فۆلکلۆری و میللییەکان لەوانە: خورشید و خاوەر، ڕۆستەم و زۆراب، لەیل و مەجنوون، مەولودنامە، قەڵای خەیبەر و چەندین داستانی دیکەو شیعری شاعێران تۆمار کران و کاسێتەکانیان دەستاودەستیان دەکرد.
دڵنیام پەرۆشی و خەمخۆری بۆ خوێنەر کاکە ڕیازی هانداوە ئەو ئەرکە بکێشێت، بۆیە لای خۆمەوە جارێکی تر دەست خۆشی لێدەکەم. هەروەها هیوادارم خوێندنەوەی دەنگی کتێب ببێت بە نەریتێکی باو و نوسەران هەوڵ بدەن لە ڕیگەی کەسانی بە سەلیقە و شارەزای وەکو کاک ڕیازەوە کتێبەکانیان بە دەنگ تۆمار بکەن.
لەگەڵ ئەوەشدا داواکارم ئەو کەسانەی کە ئەو کارە دەکەن، وەکو عورفێکی کوردانە و لە پێناو پاراستنی نەریتی راستگۆیی و ئەمانەتی زانستی، هەروەها لە پێناو پێشێل نەکردنی مافی تایبەتی و کەسی نوسەر و لەدەست نەدانی متمانە وخۆ بە دورگرتن لە لێکەوتە و کێشەیی یاسایی، پێویستە پێشوەختە مۆڵەت لە نوسەرەکان وەربگرن. پرس و ڕاوێژیان لەگەڵ بکرێت سەبارەت بە هەر پرۆژەیەک، تایبەت بە بەرهەم و بیرۆکەکانیان لەتەک ڕەچاوکردنی پاراستنی مافی خاوەندارێتی پرۆژەکانیان.
دواجار ماوەتەوە بڵێم دەنگی خاک بەرگەکانی سێھەم و چوارەمی ماوە چاپ بکرێت، انشااللە ئەگەر ژیان مۆڵەتی ھەبوو ئەو دوو بەرگەشی دەکەوێتە بەردیدەو دەستی خوێنەران و کتێبخانەی کوردی .
حەمەی حەمەسەعید
نەورۆزی ٢٠٢٦
سلێمانی
