نوێترین

recent

31/03/2026

کاروان ئەنوەر"قۆچەقانی داوود".

 










قۆچەقانی داوود
مقلاع داود
داوود پێغەمبەر خاوەنی كتێبی ئاسمانیی (زەبور)، چەكێكی سادە و ساكاری هەبوو، تەقەمەنیەكەی تەنها بەردێك دەبوو لە هەڵماتێك كەمێك گەورەتر، لە سلێمانی پێیدەڵێن قۆچەقانی، لە كەركوك پێیدەڵێن قڵماسن، لە هەولێرو پشدەر پێیدەڵێن بەردەقانی، بە هەورامی (پەڕوینە).
لە میسۆلۆجیای بەنو ئیسرائیلدا وا هاتوە، گوایە هیچ پاڵەوانێكی سەرزەمین دەرەقەتی دڕندە جالوت نەهاتبوون، كەچی داوودێكی لەڕولاواز بە یەك بەردی قۆچەقانی لەسەری ئەو دڕندەیە دەدات و جالوتی زەبەلاح و کەتە دەخاتە سەرزەوی و پاشان بە شمشێرە ئەفسوناویەكەی جالوت، سەری لە لاشەکەی دەكاتەوە، ئیتر لەدوای ئەم شەڕەوە، پێغەمبەر داوود دەبێت بە پاڵەوان و ناوبانگیی دەگاتە دنیا..
داوودی پێغەمبەر پێشتر شاعیرو ئاوازدانەرو سروتبێژێکی دەنگخۆش بوو، کەم قسە و کەمدوو بوو، گۆشەگیریی ناو خوشك و براكانی بوو، كەسێكی هەست ناسكی نەرمونیان بوە، بەڵام بۆ پایەداركردنی ئایین و ئانای باڵای پێغەمبەرایەتی و دێواندن و كارێزماندن، ئەمڕۆ ئیسرائیل ئەو چەكە سادەی كوشندە کردوەو بەناویەوە ناونراوە (مقلاع داود)، ئەگینا هەروەك زۆربەی پێغەمبەرەكانی تر، ئەمیش هەر شوان بوە، پاشان دەبێت بە پاشاو ئەوسا بە پێغەمبەری بەنو ئیسرائیل..
ئێستا لە ئیسرائیل لە ساڵی 2017 وە سیستمێكی بەرگری موشەكی خراوەتە كار كە ناوەكەی لە بەردەقانیەكەی داوودەوە (مقلاع داود) وەرگیراوە، كارەكەی خستنەخوارەوە و تەقاندنەوەی موشەكی مام ناوەند و بالیستی و درۆنەكانە، قۆچەقانی داوود دەكەوێتە نێوان هەردوو سیستمی گومەزیی ئاسن و دیواری ئارون، واتە 3 سێ سیستم هەن بۆ بەرگریی لە خاك و ئاسمان و هاووڵاتیانی ئیسرائیل، ئێمە باس لە دیواری دوەم و بەرد وەشاندنەكەی داوود دەكەین.. لەم سیستمەدا موشەكێكی زۆر پێشكەوتوو بەكاردێنن بەناوی (stunner) گوایە وردبینی زیاتر و زۆرترە لە پێكانی موشەكەكاندا، بەڵام ئایا ئەم قۆچەقانیە 100% سەركەوتنی بەدەستهێنا؟؟ بێگومان نەخێر.. ئەی ئەم بەردەقانیە تێچووی چەندە؟
ئەو بەردەی ناومشتی داوود تێچووی نەبوو، لەسەرزەوی هەڵیدەگرت و لەناو قڵماسنەكەیدا دەیتەقاند، بەڵام موشەكەكەی داوود stunner نرخی تەقاندنەكەی 700.000 تا 1 ملیۆن دۆلارە بۆ هەر یەك موشەك، نرخی بنكەو سەكۆو پاتریەكان و پێداویستی تەقاندنەكە 250 ملیۆن دۆلار تێپەڕدەكات.
ئەم هەموو تێچوونە رەنگە بۆ بەرپەرچدانەوەی موشەكێك بێت لە ئێرانەوە یان باشوری لوبنانەوە یان حوسیەكانی یەمەنەوە تەقێنرابێت تەنها بڕی 300 تا 1000 دۆلاری تێچووبێت، كەواتە بەرگری كردن زۆر زیاتری تێدەچێت لە هێرش بردن، ئەوسا مەرج نیە پێكانیش رووبدات، هەموو رێگریەك لانیكەم موشەكێكی گرانبەهای دەوێت و ژمارەی ئەم موشەكە گرانبەهایانەش وردە وردە لە گەنجینەدا كەمدەبنەوە، بودجەو پارەوپولیش ئاچوغ دەبن، وڵاتیش مایەپوچ دەکەن.
با بپرسین: ئایا موشەكە ستونەرەكان تەنها لەبەر فەلسەفەكەی داوود پێغەمبەر بەكاردێنن یان لە ناچاریدایە؟ چونكە گەر رێگری نەكرێت زیان و زەرەری ماددی و دەرونی و لۆجستی زیاتر دەبن، وەك روخان و تێكدانی سەربازگە و فرۆكەخانە و باڵەخانە و پشێویی دارایی، جگە لە زیانی مرۆیی و ژێرخانی ئابوری و شكاندنی شكۆ و هەیبەتی وڵات و نەمانی متمانە.
بەكورتی و كوردی ئەم موشەكانەی ئێستا هەرگیز بەقەد پەڕوینەكەی داوود كاریگەر نابن و نین، بەو هەموو تێچون و پارەیەی خەرجكران، دەركەوت قۆچەقانیەكەی كە ناوچەوانی جالوت ـ ی تەقاند، لە موشەكی ستونەر و ئارون و هەموو سیستمە بەرگرییە مۆدێرنەکەی ئیسرائیل کاریگەرتر بوو.
ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085