
سێ جوتیاری گوندی شەناغەی سەر بەسنوری سەركەڕان لەسەر سكاڵای عەرەبی هاوردە لەدادگای دوبز دادگایی دەكرێن.
بەپێی ئەو نوسراوەی بڵاكراوەتەوە، سكاڵاكە لەسەر كێشەی زەویوزارە، جوتیارە عەرەبە هاوردەكان داوا دەكەن ئەو زەویانەیان پیبدرێتەوە و ڕێگەنادەن جوتیارە كوردەكان كاری تێدا بكەن.
هەر بەگوێرەی نوسراوەكە، داوا لە دادگای دوبز کراوە کەپێویستە ئەو سێ جوتیارە سزابدرێن بەتۆمەتی بەکارهێنانی زەوی و رێگریکردن لەبەکارهێنانی لەلایەن عەرەبەکانەوە.
لەسەرگەڕان 42 گوند هەیە، لەو ژمارەیە دانیشتوانی 40 گوندیان کوردن دوانیان عەرەبن، لەگوندەکانی "شەناغە، پەڵکانە، گابەرەکە، سەربەشاخ و خەرابە".
پرۆژەیاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان لەدانیشتنی 21ـی کانونی دوەمی 2025، لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ پرۆژەیاساکانی هەمواری یاسای باری کەسیی ژمارە 188 ساڵی 1959، هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی پەسەندکرا، دواتر و رۆژی 13ـی شوبات لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە واژۆ کران و رۆژی 18ـی شوبات لە رۆژنامەی وەقایعی عێراق بڵاوکرانەوە.